له دوای ١٦ی ئۆكتۆبهرهوه كێشهو ئاستهنگ بۆ ٤٦٠ رێكخراویی كۆمهڵی مهدهنی دروست بووه
لە ھەرێمی كوردستاندا نزیكەی چوار ھەزار ڕێكخراوی ناحكوومی تۆمار كراون و لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، بەغدا كێشە و ئاستەنگی بۆ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دروست كردووە وئهو ڕێكخراوانه دەیانەوێ ھاوكاریی خەڵكی لێقەوماوی مووسڵ و كەركووك و شنگال و خورماتوو بكەن بهڵام لە لایەن ھێزەكانی حەشدی شەعبییەوە ڕێگرییان لێ دەكرێت .
ئەكرەم جەمو، سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان ڕایگەیاند: “بڕیاری قەدەغەكردنی كاری ڕێكخراوەیی لە ڕێكخراوەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، گرێ دراوە بە پرسە سیاسییەكان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ھەوڵی زۆرمان داوە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە، لە سێ ڕێگاوە ھەوڵمان داوە لەگەڵ بەغدا كۆ ببینەوە”.
سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان ڕاشیگەیاند: “ھەندێ كێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە لەبارەی ڕێكخراوەكانەوە، چونكە ٤٦٠ ڕێكخراوی تۆماركراومان ھەیە كە دەكەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ھەروەھا كێشەی بانكیمان ھەیە و لەگەڵ ئەوەی چەندین جار پەیوەندیمان بە لایەنی بەغداوە كردووە، ئەنجامی نەبووە”.
ئهكرهم جهمۆ دهڵێت :”ئەو ڕێكخراوانە زیاتر دەكەونە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و شنگال و كەركووك و خانەقین، بەر لە ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەكی ئاسایی كاری ڕێكخراوەیی خۆیان دەكرد، بەڵام دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر لە لایەن دەستەڵاتی بەغداوە ئاستەنگ بۆ ئەو ڕێكخراوانە دروست كراوە و ڕێگەیان پێ نادرێت كاری خۆیان بكەن، ئەمەش بڕیارێكی سیاسییە و پێچەوانەی یاسایە”.
بەشێك لەو ڕێكخراوانە بیانی و نێودهوڵهتین و دەیانەوێ لە ڕێگەی ھەرێمی كوردستانەوە ھاوكاریی ناوچەكانی دیكەی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەن.