ئازاد جندیانی: هێرشەکەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر به‌ كاره‌ساتی خێڵی حه‌مه‌ ده‌چوێنێت

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێ‌ چه‌كدار هێڕشیانكرده‌ سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر چه‌ند كه‌سێكیان بریندار كرد, دواتر له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش چه‌كداره‌كان كوژران په‌یوه‌ست به‌ هه‌واڵه‌كه‌, سیاسەتمەدارێکی کوردستان ئاشکرای کرد کە هێرشەکەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی تەمووزی ٢٠١٨ی سەر بارەگای پارێزگای هەولێر، ”کارەساتی خێڵی حەمە“ی بیر هێناوەتەوە، بۆیە بەراوردێک لە نێوان هەردوو ڕووداوەکە دەکات.

 

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری کوردستان، لە وتارێکیدا بە ناوی (ھێرشی ئەمڕۆی تیرۆریستان، بیانووێک بۆ خێڵی حەمە) ده‌نوسێت: ”ئەمڕۆ ھەموومان چاو و مێشکمان لەسەر هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر پارێزگای ھەولێر بوو، کە خۆشبەختانە دەستوبرد پووچەڵکرایەوە، بەڵام لەپاڵ بینینی زانیارییەکان لەبارەی کردەوە تیرۆریستییەکە، چاوم بە هێندێ وردە ھەواڵی پەیوەست بە ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵی پەرلەمانی کوردستان کەوت، کە باسیان لە کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و لیستی کاندیداتۆرەکانی ئەم حزب و ئەو حزب دەکرد. بەھۆی کردەوە تیرۆرستییەکەوە بوو یان بە ھۆکاری ھەواڵی ترەوە، کارەساتی شەھیدانی خێڵی حەمەم بیرکەوتەوە(ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٠١) کە بۆ یەکەم جار بوو لە کوردستاندا، بەو شێوە دڕندانەیە سەری پێشمەرگە بە شمشێر لە لاشەکانیان جیا بکرێتەوە“.

 

ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”ئەو ھەواڵانەی کە ڕایانگەیاند تیرۆریستەکانی ھێرشبەر بۆ سەر بینای پارێزگای ھەولێر، سێ تۆلازی کوردی دانیشتووی ھەولێر بوون، پتر ھەڵوەستەی پێکردم و بگرە خەفەتباری کردم، وەک چۆن پرسیاری ئەوەی لا دروست کردم، کە بەدوای ڕایەڵی نێوان ھێرشەکەی ئەمڕۆ و خێڵی حەمەدا بگەڕێم، بەتایبەت کە تیرۆریستەکانی ئەمڕۆ کوردستانیێکی کریستیانیان شەھید کردبوو“.

 

ئازاد جندیانی باسی لە خێڵی حەمە کردووە و ڕوونی کردووەتەوە: ”لەو کارەساتەدا بەتەنیا ژمارەیەک پێشمەرگە سەرنەبڕدران، بەڵکو دێنشینانی ئەوێشی ئاوارە و ماڵ وێران کرد. سەرنجێکی تریشم ئەوەبوو ، کە موفتییەکانی تیرۆریستانی خێڵی حەمە، کەسانی بەڕەگەز عەرەب بوون و جێبەجێکەرەکانیش کوردی کۆیلەی بیروبۆچوونی بەکافرکردنی خەڵکی تربوون، کە وەک ئەوان لە ئایین نەگەیشتوون و خواپەرستیی خۆیان بە شێوەیەکی نەرمونیان و موسڵمانانە دەکەن. ھێشتا ئاشکرانەبووە کە تیرۆیستەکانی ئەمڕۆ سەر بە چ ڕێکخراوێکی تیرۆریستین، داعشن؟ قاعیدەن یان کۆپیێکی تری ئەنسارولئیسلام؟ وە ئاخۆ موفتییەکانیان ئەبوبەکری بەغدادی یان ئەیمەنی زەواھیری یان کۆلکە مەلایەکی بەڕەچەڵەک کوردبووە؟“.

 

جندیانی دەپرسێت: ”بۆچی نە لە دادگای تیرۆر و نە لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نە لە پەرلەمانی کوردستان و نە لە ھیچ ڕێکخراوێکی بەرگریکردن لە قوربانییانی دەستی تیرۆر، دۆسیەی ئەو کارەساتە نەکراوەتەوە؟ یاخۆ کراوەتەوە و بێ بەکۆتاھاتن داخراوە و تاوانبارەکانیشی دۆسیەکە بەداخراو دەبینن و ڕەنگە ئەوانیش بیر چووبێتەوە“.

 

Back to top button