دژه‌ تیرۆری كوردستان هۆشدارییه‌كی توند ده‌دات.

دژەتیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ھۆشداری دەداتە كەناڵەكانی راگەیاندن، كە لە ھەر بارێكی نەخوازراودا رەچاوی باری ئەمنی نەكەن و بەرپرسانە مامەڵە نەكەن، رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر. ئەوەش دەخاتەڕوو “ئەمجۆرە رووماڵکردنەی كه‌ کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ هەواڵەکان دەیکەن، جگە لە خزمەتکردن بە تیرۆریستان، هیچ مانایەکی تر ناگەیەنێت”.

دەقی راگەیەندراوەكەی دژەتیرۆری كوردستان:

بۆ هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن بێ جیاوازی

لە رووداوەکەی دوێنێى سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەرکەوت کە کەناڵەکانی راگەیاندن زۆر ناپرۆفیشناڵانە کار دەکەن و هیچ رەچاوی باری ئەمنی ناکەن لە رووماڵکردنی هەواڵەکانیان، تاکە خەمیان ته‌نها لايك و دەستخۆشییە. لەمەودوا خوانەخواستە لە هەر بارێکی نەخوازراوى وەک رووداوەکەی دوێنێ، کەناڵەکانی راگەیاندن بە هیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە و نابێت نزیکی شوێنی رووداو بکەون و رووماڵی رووداوەکان بکەن، بە پێچەوانەوە زۆر بەتوندی لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بەرپرس دەبن لە ئاکامی کارەکانیان.

تکا دەکەین جارێکی تر دەزگاکانی راگەیاندن، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و ئیتیکی رۆژنامەوانی بپارێزن و، جارێکی دیکە نەکەونە ئەو هەڵەیە کە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە و، باری ئەمنی رەچاو ناکەن، چونکە لای ئێمە سەلامەتی هاونیشتمانیان و کارمەندان و پێشمه‌رگه‌كانمان لە رووماڵکردنی هەواڵەکانتان گرنگترە.

ئەمجۆرە رووماڵکردنەی كه‌ کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ هەواڵەکان دەیکەن، جگە لە خزمەتکردن بە تیرۆریستان، هیچ مانایەکی تر ناگەیەنێت.

ئەم هەڵسوکەوتەی دەزگاکانی راگەیاندن کە یەکەمجار نییە، هیوادارین دواجاربێت، چونکە ئیدی مایەی قبووڵکردن نابێت.

دژەتیرۆری كوردستان

Back to top button