تیرۆریسته‌كانی دوێنێی سه‌رباڵه‌خانه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر سه‌ربه‌ مه‌لائیسماعیل سووسه‌یی بوون

دوێنێ، دووشەممە ٢٣ی٧ی٢٠١٨ پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، سێ چەکداری خوار تەمەن ھەژدە ساڵی، چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر و دوای چەند سەعاتێک، ھەرسێکیان لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری کوردستان، کوژران.

سێ تیرۆریسته‌كه‌ دوای چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگای هه‌ولێر خۆیان لە نھۆمی سێیەمی باڵه‌خانه‌كه‌دا حەشاردا و ده‌ستیان كرد به‌ ته‌قه‌كردن و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری کوردستان، کە سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانن ، هێزه‌كانی ئاسایش و دژه‌ تێرۆری كوردستان هه‌زوو دووان له‌ تیرۆریسته‌كانیان له‌ باله‌خانه‌كه‌دا كوشت و یه‌كێكیان مایه‌وه‌ پاش كه‌مێك ئه‌ویش بریندار كراو به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا .

د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری ھەولێر ڕایگه‌یاند:” ھەر سێ تیرۆریستەکەی دوێنێ کوژران، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون، کە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دوو ھەفتە پێش ئێستا دەستگیر کراوە و لەبەردەم دادگادا دانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش داوە”.

به‌ڕیوبه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ڕاشیگه‌یاند:” ئەو مەلایە پێشتر پەیوەندیی ھەبووە بە تۆڕێکی دیکەی تیرۆریستی، کە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کران و ناوی ئەو مەلایەیان ھێنا، مەلا ئیسماعیل دانی بەوەشدا ناوە، کە لەگەڵ ئەوانیشدا بووە”.

د. تارق نوری گوتی: “ئەو مەلایە چەندین کاری ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی بۆ داعش کردووە، کاتێک دەستگیریش کراوە لە ماڵەکەیدا چەندین چەک و تەقەمەنی و کڵاشنکۆف و ڕوومانە دەستیان بەسەردا گیرا، خۆیشی ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستیی گەورە، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی، توانیمام دەستگیری بکەین”.

Back to top button