حه‌مه‌ی شێخ: بێویژدانیە ھەر لایەنێکی سیاسی خۆشحاڵ بێت بە هێرشه‌كه‌ی دوێنێی سه‌رباله‌خانه‌ی هه‌ولێر

محەمەد شێخ وه‌هاب بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەر بە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “ئەو سێ چەکدارەی کە رۆژی دووشەممە ٢٣ی تەمووزی ٢٠١٨ ھێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر، پێشتر مەشق و ڕاھێنانیان پێکراوە، چونکە بەپێی گرتە ڤیدۆییەکەی کە بڵاو بۆتەوە، چەکدارەکان تەمەنی یاساییان تەواو نەکردووە، بەڵام ئەوان بەچەکی دەمانچە و کڵاشینکۆف بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە بینای پارێزگای ھەولێر مانەوە، بێگومان ئەوەش پێمان دەڵێت، ئەو چەکدارانە پێشتر ڕاھێنانیان پێکراوە“.

بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگه‌یاند:”ئەگەر لەلایەن کەسانی دیکەوە مەشق و ڕاھێنان بە سێ تیرۆریستەکە نەکرابێ، جورئەتی ئەوە ناکەن کە لە تەمەنێکی کەمەوە ھێرشی چەکداری ئەنجام بدات”.

محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگابیی سلێمانی گوتی:” ھەرچەندە جارێ نازانرێت ئەو گرووپەی کە ھێرشەکەیان ئەنجام داوە، کێیان لە پشتەوەیە، بەڵام پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بەزووترین کات کەسە سەرەکییەکانی پشتی ئەو مێردمنداڵانە بدۆزنەوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر ئەنجام بدەن، تاوەکوو چیتر کردەوەی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە“.

بریارده‌ری لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی گوتیشی : ”ناکرێ لە بەردەم باڵاخانەی پارێزگای ھەولێر، تەنھا پاسەوانێک ھەبێت، بێگومان ڕەنگە ئەوە کارئاسانی باشی بۆ ئەو چەکدارانە کردبێت، بەڵام خۆشبەختانە و بە سوپاسەوە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئاسایش و پۆلیسی پارێزگای ھەولێر کە توانیان لەماوەیەکی کورتدا بەکەمترین زیان بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن“.

له‌ كۆتایی دا محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب ده‌شڵێت :” ئەوەی بە ھێرشە چەکدارییەکەی ھەولێر دڵخۆش بێت، کارێکی باش ناکات، چونکە ئێمە ھەموومان کوردین و ھێرشی چەکداری کراوەتە سەر پایتەختی کوردستان، دواجار کردەوەی تیرۆریستی کە کرا، فەرق و جیاوازی ناکرێت، چونکە ئێمە لایەنگرانمان لە ھەولێر ھەیە و یەکێتی و پارتەکانی دیکەش بەھەمان شێوە، بۆیە بێویژدانیە ھەر لایەنێکی سیاسی خۆشحاڵ بێت بە کردەوە چەکدارییەکەی پارێزگای ھەولێر یان تێکچوونی پایتەختی کوردستان“.

دوێنێ، دووشەممە ٢٣ی٧ی٢٠١٨ پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، سێ چەکداری خوار تەمەن ھەژدە ساڵ چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر و دوای چەند كاتژمێریك ھەرسێکیان لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان کوژران.

دواتر د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری ھەولێر ڕایگه‌یاند:” ھەر سێ تیرۆریستەکەی دوێنێ کوژران، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون، کە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دوو ھەفتە پێش ئێستا دەستگیر کراوە و لەبەردەم دادگادا دانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش داوە”.

Back to top button