دادگای فیدراڵی عیراق خانه‌نشینی په‌رله‌مانتارانی راگرت

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دوور لە راگەیاندنی پێشوەختەو چاوی راگەیاندنەکان یاسایەکی تایبەت بە خانەنشینکردنی سەرجەم پەرلەمانتارانیان پەسەندکرد ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی كاركردن به‌ خانه‌نشینكردنی په‌رله‌مانتاران سه‌ره‌ڕای ده‌ركردنی یاساكه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ و ئیمزاكردنی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه‌.

دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ عیراق دوێنێ دووشه‌ممه‌ 23ی‌ ته‌مموزی 2018، لە یاسای فیدڕاڵی‌ ژمارە 140 بڕیاریدا بە راگرتنی‌ کارکردن بە (یاسای‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران و پێکهاتەکانی‌ ژمارە 13 ساڵی‌ 2018 )سەرەڕای‌ واژووکردنی‌ لە لایەن سەرۆک کۆمار و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایع وەک یاسایه‌كی بەرکار.

بە پێی‌ مادەی‌ 13 ی‌ ئەو یاسایه‌ی كه‌ دادگای فیدراڵی کارپێکردنی راگرتووه‌، مەرجی‌ تەمەن و ساڵانی‌ خزمەتی‌ لابراوە بۆ خانەنشین بوونی‌ ئەندام پەرلەمان، بە جۆرێک ئەگەر ئەندام پەرلەمان تەمەنیشی نەگەیشتە 50 ساڵی‌ و خزمەتی‌ وەزیفیشی‌ لە 15 ساڵ کەمتر بوو ئەوا هەر رێژەیەک لە مووچەی‌ خانەنشینی‌ ئەندام پەرلەمانی‌ وەربگرێت ئەویش بەدەر لە یاسای‌ خانەنشینی‌ یەکگرتوو ژمارە 9 ساڵی‌ 2014 کە مەرج و پێوەرەکانی‌ خانەنشین بوونی‌ هاوتا کردوە بۆ پلەی‌ باڵا و فەرمانبەر و کارمەندی‌ ئاسایی‌.

دادگای‌ باڵای‌ فیدڕاڵی‌ بڕیاریداوه‌ کە کارکردن بەو یاسایه‌ رابگیرێت و بڕیاریدا کە لە ئێستادا هیچ ئەندام پەرلەمانێک مافی‌ وەرگرتنی‌ مووچەی‌ خانەنشینی‌ نیە تا وەک ھەر فەرمانبەرێکی ئاسایی تەمەنی‌ نەگاتە 50 ساڵ و ساڵانی‌ خزمەتیشی‌ لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت.

پێشتریش دادگای فیدڕاڵی بە بڕیاری ژمارە 26 لە 24ی حوزه‌یرانی 2014، ماددەی 37ی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9 ساڵی 2014ی ھەڵوەشاندەوە بەھۆی نادەستووریی بوونی کە بەھەمان شێوە مافی خانەنشینی دابوو بە پلە تایبەت و پلە باڵاکان و ئەندام پەرلەمان بێ رەچاوی تەمەن و ساڵانی خزمەت.

 

 

Back to top button