دوای خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەرو داگیرکردنی کەرکووک چل بەرپرسی کورد گۆڕدراون

 

دوای خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی زیاتر لە چل بەرپرسی کورد لەکەرکوک گۆڕاون، ئێستا پرۆسه‌ى ته‌عریبكردنه‌وه‌ى كه‌ركووك، له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و له‌ نوێترین فه‌رمانیدا، بڕیاری لادانی به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتیی كوردى له‌ پۆسته‌كه‌ی دا.

به‌پێی نووسراوێكى نووسینگه‌ى وه‌زیرى ته‌ندروستیی عێراق، كه‌ ئیمزاى عه‌دیله‌ حه‌مود حوسێن، وه‌زیرى ته‌ندروستیی عێراقی له‌سه‌ره‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست (خواکوڕک) كه‌وتووه‌، تێیدا هاتووه‌، پاڵپشت به‌ ڕه‌زامه‌ندیی سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی عێراق، كه‌ نووسراوێكى ئه‌میندارێتیی گشتیی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی عێراق، فه‌رمانگه‌ى یاسای ژماره‌ 3/5/44/42/2378 له‌ 10/7/2018 ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی عێراق كردووه‌، بڕیار درا به‌ ڕاسپاردنی د. كه‌ریم وه‌لی، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك.

نووسراوێكی ده‌سته‌ى باڵای هاوئاهه‌نگیى نێوان پارێزگاكان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، كه‌ ئیمزاى د. تۆرهان مەزهەری، سه‌رۆكى سكرتارییەتی ده‌سته‌ى گشتیی هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاكانی عێراقی له‌سه‌ره‌، ئاراسته‌ى پارێزگارى كه‌ركووك به‌وه‌كاله‌تى كردووه‌، له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونى كه‌ریم وه‌لی، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى نوێی ته‌ندروستیی كه‌ركووك، به‌ فه‌رمانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ ژماره‌ 4ی ساڵی 2018.

به‌گوێره‌ى نووسراوه‌كه‌ى وه‌زیرى ته‌ندروستیی عێراق، بۆ لادانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك كه‌ كورده‌ و ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێكى غه‌یره‌ كورد، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ خودى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی عێراق ده‌ستی له‌ لادانى به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌كان كه‌ كوردن له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى ته‌عریبكردنه‌وه‌ى كه‌ركووكدایه‌.

د. سه‌باح زه‌نگه‌نه‌، كه‌ دكتۆرێكى كوردی شاری كه‌ركووك و ساڵانێك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك بوو، ئێستا له‌ پۆسته‌كه‌ى لادراوه‌ و به‌ فه‌رمانی وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراق كه‌سێكى تر له‌ شوێنه‌كه‌ى دانراوه‌.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، جه‌مال مه‌لوود، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ڕای گه‌یاند: “ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى ئێستا له‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌كان له‌ كه‌ركووك ده‌كرێت، یاسایی نیین، چونكه‌ گۆڕانكارییه‌كان ده‌بێت ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بڕیاریان له‌سه‌ر بدات، هه‌ڵبه‌ته‌ پێش رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ پۆسته‌كانی حكوومه‌تى خۆجێیی كه‌ركووك بكرایه‌، ئه‌وا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا”.

گوتیشی: ”پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركووك به‌ ئاره‌زووى خۆی بڕیار له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌ ئیدارییه‌كان ده‌دات، چونكه‌ چاودێریی فه‌رمیى له‌سه‌ر نییه‌“.

له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكاری ناو یه‌كێتی، كه‌ركووكیان داگیر كرد، له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخی پارێزگاكه‌ تێك چووه‌، پرۆسه‌ى ته‌عریبكردن ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ 80 پۆستی ئیدارى و سه‌ربازی له‌ كورد وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك، ڕایگه‌یاندووه‌: “له‌ 16/7/2018، فه‌رمانده‌ى پۆلیسی گشتیى كه‌ركووك له‌گه‌ڵ 20 ئه‌فسه‌رى پۆلیس، به‌ هێزێكى زۆره‌وه‌ چوونه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك، وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ موداهه‌مه‌ چووبن، خۆیان ئینفیكاكیان به‌ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلسی قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك كردووه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش ئیهانه‌یانیان كردووه‌، ئه‌و به‌ڕێه‌به‌رایه‌تییه‌ی كه‌ زیاتر له‌ 315 شه‌هیدى به‌ ده‌ستى گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی قاعیده‌ و داعش داوه‌، له‌پێناو ئارامیى كه‌ركووك، جگه‌ له برینداران“.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، چه‌ند شتێك به‌ بیری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركووك پله‌دارن، یه‌كێك له‌وانه‌ عه‌مید عه‌لی كه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌رى ئێستای پۆلیسی كه‌ركووك كه‌ كاتی خۆی ده‌یویست بگه‌ڕێته‌وه‌ سێكته‌رى پۆلیس، هه‌ر ئێمه‌ بووین له‌دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ گه‌ڕاندمانه‌وه‌ سلكى پۆلیس، خۆیشی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌بوینایه‌ ئه‌و نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ پله‌ داره‌كانى تر ده‌ڵێم كاتێك شه‌ڕه‌كانمان له‌ناو كه‌ركووك له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعش له‌ جه‌واهیر مۆڵ و بازاڕی زه‌ره‌نگه‌ران و كۆشكى كه‌ركووك، ئه‌وه‌ هه‌ر ئێمه‌ بووین شه‌ڕمان له‌گه‌ڵیاندا ده‌كرد، ئه‌وكاته‌ ئێوه‌ له‌ كوێ بوون!

 

Back to top button