پلان (بی) ئەردوغان چییە؟

بارزانی عەلی حەمە
 
شەڕی مووسڵ زۆر نزیکە، هەر لەم وەرزەدا و ڕەنگە لەم مانگەدا، دەست پێ بکات. یانی پێش ئەوەی ئاسمان (تەڕ دابێت) و باران و تەڕی و تووشی بگات، شەڕی مووسڵ، کە پێدەچێت (هەر گەڕەکێکی بکەوێتە دەست لایەنێک) دەست پێ دەکات.
وادیارە شەڕی دەستەو تاقمەکانی پاش داعش، لە شەڕی داعش قورستر بێت. لە دژەکانی داعشدا، گروپی وا هەیە کە بەقەد شەڕی داعش ئامادەی شەڕی یەکترین.
حەشدی وەتەنی و حەشدی شەعبی کە هەر یەکەیان تەمسیلی مەزهەبێک دەکەن! پەکەکە و تورک کە هەر یەکەیان تەمسیلی ئەجێندایەک دەکەن! پێشمەرگە و حەشدی شیعی کە هەر یەکەیان تەمسیلی خواستێک دەکەن. تورکیا و ئێران کە هەر یەکەیان تەمسیلی بەرژەوەندییەک دەکەن!
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ۲٠۱٦/۱٠/۱٤ رایگەیاند کە ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رێگای نەدا سوپای تورکیا بەشداری بکات لە گرتنەوەی موصڵدا ، ئەوا پلانی (بی)یان هەیە !
بەشی زۆری ئەو هێزە عێراقیانەی بۆ ئازاد کردنی موصڵ هێنراون، هێزی تایەفین، هەراو هۆریای مەزهەبی و دیمەنەکانی هاتنیان لە سێ رۆژی رابردوودا ئەوەیان سەلماند !!
کەواتە پلانی (بی) تورکیا ئەوەیە کە موصڵ دەکاتە دۆزەخی ئەو هێزانە و ئەگەری پێکدا هەڵپژانی گەورە هەیە لەنێوان ئەو هێزە سوونییانەی کە وەلائیان بۆ تورکیا هەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی. ئەگەر بێتو ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی پاشەکشە نەکەن.
زیاتر لە ٦٠٠٠ حەشدی نیشتیمانی کە ناوەکەی گۆردراوە بۆ (حرس نینوی)، راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی تورکیا دان و باشترین مەشقیان پێکراوە، کە ئەمەش یەکێکە لەو هێزانەی کە تورکیا بەکاریان دەهێنێت لە پلانی (بی)دا.
هەروەها تەواوی دانیشتوانی شاری موصڵ دژی هاتنی هێزی تایەفین بۆ شارەکەیان کە ئەمەش زەمینەیەکی لە بار دروست دەکات کە دانیشتوانی شارەکە دەیان گروپ و هێزی تر لە نێوخۆیاندا دروست بکەن بۆ شەڕی ئەو هێزە تایەفیانە و تورکیاش بەدڵنیاییەوە پشتگیر ئەو گروپانە دەکات !
هەموو ئەمانە وادەکەن تەواوی هێزە عێراقیەکان نەتوانن لە شارەکەدا بمێننەوە و ڕووبەڕووی شەڕێکی تر ببنەوە کە وەک سریاڵێکی سینەمایی درێژە دەکێشێت!
بەڵام ئەو لێدوانەی ئەردۆغان مانای ئەوە ناگەیەنێ کە تورکیا وا بە ئاسانی دەستبەرداری پلانی (ئەی) دەبێت، پلانی (ئەی)بەستراوەتەوە بە بەشداری پەکەکە و میلیشیاکان !
تەواوی روداوەکان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن کە گرتنەوەی موصڵ زۆر قورس نابێ، ئەوەی قورسە قۆناغی دوای رزگارکردنی موصڵە …
ئەگەر لەدوای رزگارکردنی موصڵ هەر شەڕێکی تایەفی روبدات، تەرفداربوونی کورد زیانی گەورەی دەبێت، بەڵام پێ ناچێت کورد ئەو هەڵەیە بکات !
ئەوەی ماوەتەوە بۆ دوای ئازادکردنی موصڵ، ئاراستەی داعش بەرەو کوێ دەچێ ؟
Back to top button