گوتەبێژی یەکێتی: ئه‌وانه‌ی چاوساخی و پشتیوانی و دیعایە بۆ کارە تیرۆرستییەکان, ده‌كه‌ن له‌ كوردستان تیرۆریستن

 

دوای ئه‌وه‌ی سێ‌ تیرۆریست هێڕشیانكرده‌ سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر دواتر تیرۆریسته‌كان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مینه‌كانی كوژران, گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، کە کارە تیرۆرستییەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر، ڕیسوا و مەحکووم دەکەن.
سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پەلاماره‌ تیرۆریستییەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر، ڕایگەیاند: ” یەکێتی بە توندی ئه‌و په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌ مەحکووم و ڕیسوا دەکات، چونکە ئەم کارە دزێوانە دژی ئاسایش و ئازادییە، بۆیە دەبێت ھەموو کەسێک بە ھەڕەشە بۆ سەر خۆی بزانێت“.

گوتەبێژەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو، کە پێویستە ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ھەولێر، زیاتر چاودێری ئەو جۆرە گرووپە تیرۆریستییانە و کەسانه‌ بکەن، کە گومانی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی له‌و جۆره‌یان لێده‌كرێت.

لەبارەی شێواندنی ڕووداوەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر لەلایەن ھەندێک حزبی سیاسییەوە، ھەورەھا پاڵپشتی کردن و داڵدەدانی ئەوانەی ھانی توندڕەوی و گێرەشێوێنی دەدەن، سەعدی پیرە، گوتی: ”من دەڵێم ھەموومان بەرپرسین بەرامبەر ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییان، بۆیە حەشاردان، حەواندنەوە، چاوساخیکردن، پشتیوانیکردن و دیعایەکردن بۆ کارە تیرۆرستییەکان، پێویستە هه‌موو ئه‌وانه‌ وەک تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین“.

سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 23/7/2018، سێ چەکداری تیرۆریست هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا، لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان و ئاسایشی هەولێر کوژران.

Back to top button