ئه‌مریكا پێشنیاری حكومه‌تی رزگاری نیشتیمانی بۆ عێراق ده‌كات, ئێران ره‌فزی ده‌كاته‌وه‌

 

دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار تا ئێستا نه‌توانراوه‌ حكومه‌تی نوێ بۆ عێراق پێكبهێنرێت, كه‌ زیاتر له‌ دوو مانگ به‌سه‌ر هه‌لبژاردنه‌كان تێپه‌ڕیون و په‌رله‌مانیش واده‌ی یاسایی كۆتا هاتووه‌, رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بیش ده‌نوسێت له‌ ئێستادا عێراق كه‌وتۆته‌ بۆشایی یاسایی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ حكومه‌تی رزگاری نیشتمانی پێكبیچنرێت كه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌مریكایه‌ به‌ڵام ئێران پێی رازی نیه‌.
رۆژنامه‌ی “ئه‌خبار ئه‌لخه‌لیج” له‌ راپۆرتێكدا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، نووسیویه‌تی، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا له‌سه‌ر پێشنیازی پێكهێنانی حكوومه‌تی رزگاری نیشتیمانی له‌ عێراق رازی بووه‌، له‌كاتێكدا ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق هه‌وڵ ده‌دات رێگری بكات و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێشنیازه‌ بوه‌ستێنێت.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، “باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا به‌ ئه‌رێنی وه‌ڵامی پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی رزگاری نیشتیمانی له‌ عێراق داوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا هێزه‌ شیعه‌كان كه‌ هاوهه‌ڵوێستن له‌گه‌ڵ ئێران، جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێشنیازه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌‌”.

سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی نیشتیمانی كه‌ نه‌یویستووه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی بكرێت، به‌و رۆژنامه‌یه‌ی راگه‌یاندووه‌، “عه‌للاوی ره‌شنووسی ئه‌و پێشنیازه‌ی گه‌یاندۆته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی بیانی له‌ به‌غدا، له‌وانه‌ش باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا”، گوتیشی، “باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی ئه‌رێنی بۆ ئه‌و پێشنیازه‌ هه‌بووه‌”.

هه‌روه‌ها گوتی، “پڕۆژه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی رزگاری نیشتیمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌خۆ ده‌گرێت، هاوكات كاركردن به‌ ده‌ستوور هه‌ڵده‌په‌سێردرێت و حكوومه‌ته‌كه‌ش له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌راكه‌تی لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌برێت، ئیداره‌كه‌ش بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ دوور له‌ فشاری ئه‌و لایه‌نانه‌ی ماوه‌ی 15 ساڵه‌ پرۆسه‌ی سیاسییان قۆرخكردووه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر له‌ژێر رۆشنایی یاسایه‌كی نوێ و ده‌ستوورێكی نوێ، هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ ئه‌نجامده‌درێت”.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “عه‌للاوی داوای له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌، ده‌ست به‌ رێوشوێنی پێكهێنانی حكوومه‌تی رزگاری نیشتیمانی بكات، به‌ڵام تائێستا عه‌بادی وه‌ڵامی عه‌للاوی نه‌داوه‌ته‌وه‌”.

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌، رۆژنامه‌كه‌ له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی شیعه‌ گواستۆته‌وه‌، “سه‌ركرده‌كانی حزبه‌ شیعه‌كانی عێراق، به‌ ئاماده‌بوونی ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان ئه‌نجامداوه‌”.

وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، “مه‌سجدی به‌ هێزه‌ شیعه‌كانی عێراقی راگه‌یاندووه‌، ئێران نایه‌وێت بێڕێزی به‌رامبه‌ر ده‌ستووری عێراق بكرێت و ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومه‌تێكی هه‌ڵبژێردراوی عێراقییه‌”، روونیشیكرده‌وه‌، “مه‌سجدی ئه‌مه‌ریكای به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، كه‌ هانی خۆپیشانده‌رانی داوه‌، بۆئه‌وه‌ی دۆخی عێراق ئاڵۆز بكه‌ن و پشێوی بهێننه‌وه‌”.

Back to top button