ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران: به‌ یاسا رووبه‌رووی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان ده‌بینه‌وه‌

 

پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 25-7-2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، پارێزگاران، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، وه‌زیری ناوخۆ، نوێنه‌ری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، دیوانی چاودێریی دارایی، داواكاری گشتی و نوێنه‌ری ئاسایش، ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاڵاوگه‌ بچووكه‌ نایاساییه‌كان كه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی كاریان كردووه‌ و تیایدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان راپۆرتێكیان سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی پاڵاوگاكان‌، شوێنه‌كانیان و مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌ نایاساییه‌ پێشكه‌ش كرد. كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆك بوو له‌سه‌ر پێویسته‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ری ئه‌م دیاره‌یه‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م پاڵاوگانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری زیانگه‌یاندێكی گه‌وره‌ به‌ ته‌ندروستی و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی زه‌ق له‌ هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی باسكران كه‌ به‌ ‌هۆی پاشه‌ڕۆی ئه‌م پاڵاوگانه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ر‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو و به‌رهه‌می كشتوكاڵی گه‌یشتووه‌ و‌ هۆكاری سه‌ره‌كیشن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی مه‌ترسیدار.
كۆبوونه‌وه‌ بڕیاری دا وه‌زارتی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ هاوكاریی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا به‌ میكانزمێكی پێویستی یاسایی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن و حكومه‌تیش رێكاری پێویست به‌رامبه‌ر پاراستنی ژینگه‌ و ته‌ندروستی و ژیانی هاووڵاتیان بگرێته‌ به‌ر و دواتریش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و رێكاره‌ یاساییانه‌ بۆ ڕای گشتی بخرێنه‌ ڕوو.
له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌زگا ئیداره‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و پۆلیس به‌ هاوكاریی پارێزگاره‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن له‌ ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و میكانزمه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرانه‌ روو و داوكاری گشتیش ڕاسپێردرا له‌ڕووی یاسایییه‌وه‌ هاوكاری ئه‌م تیمه‌ بێت، هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پاراستنی ژینگه‌ و ژیانی هاووڵاتیان له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌،‌ چونكه‌ ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی ژینگه‌ له‌ پرسه‌ ئابوورییه‌كان گرنگترن و پێویسته‌ جیاوازی له‌نێوان ژیان و ژینگه‌ی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ دابینكردنی سووته‌مه‌نی بكات.

Back to top button