هونه‌رمه‌ند خالید ڕه‌شید:به‌خشكه‌یی به‌رهه‌م ساڵح بیرۆكه‌كه‌ی منی دزی

هونه‌رمه‌ند خالید رەشید، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت:” شانازی بە دانانی شانۆیەکی گەورە لە کوردستان (سلێمانی) دەکه‌م و دەستخۆشی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ده‌كه‌م بۆ ئەم کارە، هەرچەندە ”ناوی خاوەن بیرۆکەکەی نەبردووە“.
 
هونه‌رمه‌ند خالید ڕەشید ده‌شڵێت:” لە ھەموو جیھاندا، بیرۆکە گرانترین بەشی ھەر پڕۆژەیەکە، بەڵام بەرهەم ساڵح ناوی وەستا و ئەندازیار و….ھتد بردووە، کەچی ناوی خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌ی نەبردووە”.
 
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ساڵی ٢٠٠٣ لە سوید، بیرۆکەکەی بە د. شەفیق قەزاز داوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ ”بە ڕێکەوت“عومەر شێخ موس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بینیوە و پڕۆژەکەی پێ داوە. لە چەند نامەیەکیشدا کە یەکێک لە نامەکانی بڵاو کردووەتەوە، شێخ موس جەختی لەوە کردووەتەوە کە چەندان جار پڕۆژەکەی خستووەتەوە بیری بەرهەم ساڵح و ئومێدی بە درووستکردنی هەیە.
 
ئەو هونەرمەندە نایشارێتەوە کە ساڵی ڕابردوو زانیویەتی بەرهەم ساڵح ”بە خشکەیی“ خەریکی جێبەجێکردنی بیرۆکەکەیە و لە مەراسیمی کردنەوەی شانۆی ڕۆمانی لە سلێمانیش، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەرهەم ساڵحی کردووە، بەڵام کەس نەیزانیوە بیرۆکەی کێیە؟
Back to top button