كۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌شی پێشمه‌رگه‌ له‌ بودجه‌ی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی دیاری ده‌كات

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكادا بۆ ساڵی 2019 به‌شی پێشمه‌رگه‌ دیاری نه‌كرابوو، دواتر له‌سه‌ر داواكاری ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمانی ئه‌و وڵاته‌ یاساكه‌ هه‌موار كرایه‌وه‌ و به‌شی پێشمه‌رگه‌ی تێدا ده‌ستنیشانكرا، به‌شێوه‌یه‌ك له‌كۆی ئه‌و 850 ملیۆن دۆلاره‌ی بۆ سوپای عێراق دیاریكراوه‌، بڕی 290 ملیۆن دۆلار بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بڕایه‌وه‌.
كۆنگرێس له‌ ره‌شنووسی یاسای بودجه‌ی سه‌ربازیشدا ناوی پێشمه‌رگه‌ی زیادكرد و به‌شی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ دیاریكرد، كه‌ بۆ هێزه‌ عێراقییه‌كان بڕاوه‌ته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی ره‌شنووسی پرۆژه‌ یاساكه‌، كۆنگرێسمانانی ئه‌مه‌ریكا له‌و باوه‌ڕه‌دان، “هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ و به‌رچاویان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بینیوه‌، بۆیه‌ پێمانوایه‌ زۆر گرنگه‌ به‌رده‌وامی به‌ هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بدرێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناو رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و زیاتر پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌”.
له‌ ساڵی 2017ـه‌ش، واشنتۆن بڕی 415 ملیۆن دۆلار و بۆ ساڵی 2018ـه‌ش بڕی 365 ملیۆن دۆلار له‌ بودجه‌ی به‌رگری سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دیاریكرا.

Back to top button