له‌ كه‌ركووك حه‌شدی شه‌عبی 6 به‌رپرسی دیكه‌ی كوردى له‌ پۆسته‌كه‌یان دوورخستنه‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ هۆی خیانه‌تی گرووپێكی یه‌كێتی كه‌ركووك له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی وسوپای پاسداران داگیر كرا, له‌و كاته‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات 47 به‌ر پرسی كورد له‌ پۆسته‌كان دوورخراونه‌ته‌وه‌ دواهه‌میشیان له‌كار لادانی 6 به‌رپرسی ئه‌منی كورده‌.

ئازاد جه‌باری، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئه‌منی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك رایگه‌یاند، “حكوومه‌تی به‌غدا 6 ئه‌فسه‌ری كوردی له‌ پۆسته‌كانیان دوور خسته‌وه‌، كه‌ سه‌رجه‌میان به‌ڕێوه‌به‌ر بوون”.

جه‌باری گوتیشی: “له‌سه‌ر داواكاری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 2ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كه‌ركووك، وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركووك كۆبووه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یان وه‌ستاندووه‌”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “وه‌ستاندنی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ هیچ سوودێكی نییه‌، چونكه‌ هه‌ركاتێك ده‌رفه‌ت هه‌بێت به‌غدا ده‌توانێت دووباره‌ ئه‌و بڕیاره‌ بخاته‌وه‌ بواری جێبه‌جێكردن”.
رۆژنامه‌نوسێكیش له‌ كه‌ركووك ده‌لێت:” حه‌شدی شه‌عبی ده‌یه‌وێت تا ئه‌و كاته‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌ داگیر كراوه‌كانی دیكه‌ی ده‌دۆزرێته‌وه‌ زۆرترین به‌رپرسی كورد له‌ كاره‌كانیان دووربخاته‌وه‌ .
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ سه‌ر شاری كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌، حكوومه‌تی عێراق له‌و ناوچانه‌ ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تێكی ته‌عریب و دوورخستنه‌وه‌ی به‌رپرسانی كورد له‌ كاره‌كانیان كردووه‌.

Back to top button