قاسم سلێمانی بۆ تره‌مپ, حسابی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ من و سوپا كه‌مه‌ نه‌ك هه‌موو سوپای ئێران

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا چه‌ند هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێی له‌ ئێرانكرد, ئه‌مڕۆ له‌ وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی هۆشداریی دەداتە سەرۆکی ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، چیتر دەریای سوور بۆ ئێوە ئارام نییە.
رۆژی پێنجشەممە 26/7/2018، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی رایگەیاندووە، سوپاکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەمریکا ئامادەیە.
قاسم سولەیمانی پەیامێکی بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و تێیدا رایگەیاندووە، کە تەنیا سوپای قودس دەتوانێ بەرەنگاری ئەمریکا ببێتەوە و پێویست بە هەموو سوپای ئێران ناکات، ”حیسابی ئێوە لەگەڵ من و سوپاکەمە نەک هەموو سوپای ئێران“.

فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی پێشبینی کردووە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەکانی بە لێدانی ئێران بباتە سەر، بەڵام ”من وەڵامی دەدەمەوە و زۆر نزیکترم لێتان لەوەی پێشبینی دەکەن“.

قاسم سولەیمانی هۆشداریی داوەتە سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاندووە، دەریای سوور چیتر بۆ سەربازە ئەمریکییەکان ئارام نییە و ”سوپای قودس رکابەریی ئێوە دەکات لە دەریای سوور“.

سولەیمانی تویتەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئێران بە ”ئەدەبیاتی دیسکۆ و مەلهاکان“ ناودەبات و لە واقیعیشدا ”ئەمریکا داوای لە من کرد شەڕی ئەمریکا لە عێراق رابگرم“.

ئەو لێدوانەی قاسم سولەیمانی دوای ئەوە دێت، کە حوسییەکانی یەمەن لە گەرووی بابولمەندەب هێرشیان کردە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعودی و ئەو وڵاتەش هەناردەی نەوتی لەڕێی ئەو بەندەرە راگرت.

بزووتنەوەی حوسییەکان (ئەنساروڵڵا) میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبی یەمەنییە، لە مانگی ئەیلوولی 2014ـەوە دەستی بەسەر یەمەندا گرتووە. حوسییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی دەکرێن.

گەرووی بابولمەندەب، کەنداوی عەدەن و دەریای سوور بە یەک دەبەستێتەوە و کەوتووەتە نێوان هەردوو وڵاتی یەمەن و جیبۆتی.

Back to top button