بابەكر دڕەیی بۆ گۆڕان: بەغروری خۆبەڕاستزانی و عینادی قەبیلەیی و فەنتازیای پوچی خۆبەڕەهبەرزانی، بزوتنەوەی گۆڕان وێران مەکەن

 

دوای ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك به‌ر پرسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ر پرسێكی دیكه‌یی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان, ره‌خنه‌ی توند له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌گرێت ده‌لێت:” بەغروری خۆبەڕاستزانی و عینادی قەبیلەیی و فەنتازیای پوچی خۆبەڕەهبەرزانی، بزوتنەوەی گۆڕان وێران مەکەن

بابەكر دڕەیی، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان رەخنەی توند لەخانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە دەگرێت و پێی وایە نەیتوانیوە لەهیچکام لەبوارەکاندا سەرکەوتو بێت و بە چەندین فرسەخ لەئاست و قەبارەی سەردەمی نەوشیروان مستەفا دورکەوتۆتەوە. دەشڵێت”بەغروری خۆبەڕاستزانی و عینادی قەبیلەیی و فەنتازیای پوچی خۆبەڕەهبەرزانی، بزوتنەوەی گۆڕان وێران مەکەن.”

بابەكر دڕەیی، لە وتارێك لەژێر ناوی “۲٥ی تەمموز: تەکانێک بۆ هەستانەوە” لەچەند خاڵێكدا رەخنەی توندی لەخانەی راپەڕاندنی حزبەكە گرتوەو وتوشیەتی”کۆچی کاک نەوشیروان مستەفای ڕەهبەری بزوتنەوەی گۆڕان ڕوداوێکی گەورە بو کە هیچکام لەو هاوڕێ نزیکانەی مەزەندە دەکرا بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕانیان بکەوێتە ئەستۆ، هەروەها کۆی هەڵسوڕاوان و چالاکوانەکان، ئامادەی ڕودانی نەبون چ لەباری نەفسی و چ لەئاستی سیاسیدا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کە دوای کۆچی ڕێکخەری گشتی هەڵبژێردرا، نەیتوانی لەهیچکام لەبوارەکاندا سەرکەوتو بێت و بە چەندین فرسەخ لەئاست و قەبارەی سەردەمی نەوشیروان مستەفا دورکەوتەوە.

ئەو سەرنەكەوتنی خانەی راپەڕاندنی لەچەند خاڵێكدا خستۆتەڕو:

-لەئاستی عاتفیدا نەیتوانی یەک لەسەدی نەوشیروان مستەفا ئەنجام بدات بۆ دڵڕاگرتنی هەڵسوڕاوو دەنگدەرانی.

-لەئاستی سیاسیدا نەیتوانی دەسپێشخەرییەکی جدی و بەرچاو بخاتە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستانەوە.

-لەئاستی فیکری و مێتۆددا هیچ بیرۆکەیەکی نوێی پێ نەبو بۆ پڕکرنی لایەنگران و دەنگدەران و هەڵسۆڕاوەکانی.

-لەبواری دبلۆماسیدا شکستەکانی بەرچاوتربون لە دەسکەوتەکانی.

-لەئاستی جەماوەری و سازدانی ڕای گشتیدا پاشەکشەیەکی جدی بەخۆوە بینیوەو نەیتوانیوە دۆخەکە وەک خۆی یان وەک پێویستە بخاتە بەرچاوی خەڵک.

-لەبەڕێوەبردنی حکومەتە لۆکاڵیەکاندا ساردوسڕی و نەپرسینەوەیەکی نابەرپرسیارانە ببوە سیمای دیاری قۆناغەکە.

-لەئاستی میدیاییدا گۆڕانکاری دیراسەنەکراوو زیانبەخش هاتنەئاراو دەیان کادری میدیایی بەتوانا زویرکران و بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش نەتوانرا وەک پێویست دەنگ بۆ کاندیدەکان کۆبکرێتەوە.

-لەهەڵبژاردنەکانی عیراقدا، سەرباری هەبونی زانیاری تەواو لەوەی کە تەزویر ئەنجام ئەدرێت هیچ ڕێگریەک نەخرایە بەردەم تەزویر و گۆڕان بوە پاشکۆی حزبە تەزویرچیەکان.

بەبڕوای دڕەیی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دو کێشەدایە کە دەبێ بە زوترین کات چارەسەریان بکات، كە یەكەمیان”چارەسەرکردنی هەر کێشەو گرفتێکە کە زەربە لە کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا ئەدات وەک سیمبولی عەدالەتخوازی و یاساسەروەری لە کوردستان و لە هەمان کاتدا وەک ڕەمزی بزوتنەوەیەک کە بۆ عەدالەت و یەکسانی کۆمەڵایەتی و حکومەتی قانون تێدەکۆشێ. ئەو کێشانەش لە ئەستۆی جفاتی نیشتیمانیدایە ساغیان بکاتەوە و ڕای قەتعی خۆی لە بارەیانەوە بە ڕەسمی ڕابگەیەنێ، گرنگترین خاڵ لەم نێوانەدا پاراستنی مەوقعی مێژویی نەوشیروان مستەفاو هێشتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە بە یەکگرتویی.”

سەبارەت بە خاڵی دوەمیش وتویەتی”چالاککرنەوەی خانەی ڕاپەڕاندن بە هەڵبژارنێکی پێشوەخت بۆ خانەو دانانی کەسانی وا کە بتوانن جوڵانەوەکە لەم دۆخەی دەربازبکەن و بیگەیەننە ئاستێک کە توانای بەردەوامبون و ڕکەبەری هەبێ لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. کەسانێک کە لە هەنگاوی یەکەمدا توانای ئاشتکردنەوەی جەماوەری گۆڕانیان هەبێت و بتوانن دیالۆگێکی جدی و بنیاتنەر لەگەڵ کۆی هەڵسوڕاوانی جوڵانەوەکە ئەنجام بدەن.”

پێشی وایە بنەمای سەرەکی بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە هیچ لایەنێک لە لایەنە خاوە ڕەئیەکانی گۆڕان خۆی بە خاوەنی ڕاستی ڕەها نەزانێت.

لەكۆتاییشدا داوای كردوە”فریای ئەم جوڵانەوە مەزنە بکەون و بە غروری خۆبەڕاستزانی و عینادی قەبیلەیی و فەنتازیای پوچی خۆبەڕەهبەرزانی، بزوتنەوەی گۆڕان وێران مەکەن.”

Back to top button