ئه‌مشه‌و مانگ گیران رووده‌دات كه‌ درێژترین مانگ گیرانی سه‌ده‌یه‌

 

پێچتر له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی میدیای به‌ پشت به‌ستن به‌ زانیاریه‌كانی فه‌له‌كناسی بڵاویانكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مشه‌و مانگگیران رووده‌دات, به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و مانگگیرانه‌ی ئه‌مشه‌و ڕوو ده‌دات، درێژترین مانگگیران ده‌بێت و له‌ زۆربه‌ی وڵاتان و هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینرێت.

زانایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مانگگیرانه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، مانگگیرانی خوێناویی ته‌واوه‌ و دیارده‌یه‌كه‌ زۆر به‌كه‌می دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئاشكراشی ده‌كه‌ن، ماوه‌ی مانگگیرانه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و 103 خوله‌ك ده‌بێت.

ئەژی چەتۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان ڕایگەیاندووه‌: “کاتژمێر 8 و 14 خولەکی ئێوارەی ئه‌مڕۆ ھەینی 27/7/2018، دیاردەی مانگگیران لە ھەرێمی کوردستان ڕوو دەدات”.

دەشڵێت: “کاتژمێر 9 و 30 خولەکی شەو مانگ قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە ناوچەی سێبەری تەواوی گۆی زەوی، بەڵام لە کاتژمێر 11 و 21 خولەکی شەو مانگ دەچێتە ناوچەی ھەرە تاریکی گۆی زەوی، بە جۆرێک ڕەنگی مانگ دەگۆڕێ بۆ سوورێکی تۆخ”.

سەرۆکی ڕێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان گوتیشی: “کاتژمێر 12ی نیوە شەوی ھەینی لەسەر شەممە 28/7/2018، مانگ لە سێبەری گۆی زەوی دەردەچێ و کاتژمێر 2 و 28 خولەکی بەرەبەیانی شەممە دیاردەی مانگگیران بەشێوەیەکی تەنک بەرەو کۆتایی دەچێت”.

Back to top button