مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ دژی ویڵایه‌تی دووه‌می عه‌بادیه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ‌ هه‌ینی له‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی داخوازی خۆپیشانده‌ران, داوای كرد كه‌ دژ به‌ حكومه‌تی ماوه‌ ته‌واو بووی عه‌بادی خۆپیشاندانه‌كان فراوانتر بكرێت, ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ست به‌ رووه‌وه‌نانی عه‌بادی لێكدرایه‌وه‌ كه‌ داوای ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات.

رۆژنامه‌ی “الاخبار”ی لوبنانی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كانی عێراق، خه‌ونی ویلایه‌تی دووه‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراقی له‌باربرد، به‌تایبه‌تیش كه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت داوای فراوانتركردنی خۆپیشاندانه‌كانی كردووه‌، به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ لوبنانیه‌ له‌ راپۆرتێكی خۆیدا، كه‌ ئه‌مڕۆ 28ی ته‌ممووز/ یۆلیۆ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، عه‌بدولمه‌هدی كه‌ربه‌لائی، نوێنه‌ری مه‌رجه‌عیه‌ت، له‌ وتاری هه‌ینی خۆیدا، هۆشداری داوه‌ته‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی داواكانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكه‌ن.

رۆژنامه‌كه‌، له‌ زاری چاودێرانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، هه‌ڵوێسته‌كه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت، بێهیواكردنی عه‌بادییه‌ له‌ وه‌رگرتنی ویلایه‌تی دووه‌می پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ داواكان بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق چڕتر ببنه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌ش، ئێستا ركابه‌رییه‌كی توند له‌ نێوان فالح فه‌یاز و تاریق نه‌جم هه‌یه‌.

مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كانی عێراق، پێشتر له‌ رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕیوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی، به‌ پیر داوا ره‌واكانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بچێت، به‌ڵام وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، له‌ وتاری دوێنێ هه‌ینیدا، زمانی گفتوگۆ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌بادی گۆڕاوه‌ و نوێنه‌ری مه‌رجه‌عیه‌ت رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر داواكان جێبه‌جێ نه‌كرێن، ره‌نگه‌ خۆپیشانده‌ران شێوازی ئاشتییانه‌ی داواكردنی مافه‌كانییان بگۆڕن.

رۆژنامه‌كه‌، تایبه‌ت به‌ قۆناغی داهاتووی حوكمڕانی له‌ عێراق، ئاماژه‌ به‌ ده‌سته‌واژه‌كانی وتاره‌كه‌ی كه‌ربه‌لائی ده‌كات و نووسیویه‌تی: “وتاره‌كه‌ی كه‌ربه‌لائی، نه‌خشه‌ڕێگه‌ی قۆناغی داهاتووی به‌ تێڕوانینی مه‌رجه‌عیه‌ت دیاریكرد و داوای پێكهێنانی حكوومه‌تی كرد به‌ زووترین كات، به‌و مه‌رجه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌هێز و توند بێت، ئه‌وه‌ش به‌ راكێشانی به‌ڕه‌ له‌ ژێر پێی عه‌بادی داده‌نرێت، هاوكات بانگه‌وازێكیشه‌ بۆ لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ك دیاری بكه‌ن بتوانێت به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌ و چاكسازی بكات”.

ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و مه‌رجانه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو له‌لایه‌ن سیتسانییه‌وه‌، كوتله‌ و هاوپه‌یمانێتییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئایاری رابردووی خستووه‌ته‌ هه‌ڵوێستی ناهه‌مواره‌وه‌، به‌وه‌ی تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناو په‌رله‌مانی داهاتوو پێكبهێنن بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ بداته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ و كابینه‌كه‌ی.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ چڕ بوونه‌ته‌وه‌، ئیستاش ركابه‌رییه‌كی توند له‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی گردبوونه‌وه‌ی “عگا‌و”، كه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی نه‌سری عه‌بادیدایه‌، له‌گه‌ڵ تاریق نه‌جم، له‌ حزبی ده‌عوه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تاكه‌ بژارده‌ی ئه‌و حزبه‌یه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی لێ ناكه‌ن.

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، تا ئێستا ئه‌وه‌ی دیار بێت، كاندیدی حزبی ده‌عوه‌یه‌ به‌ ته‌واوی باڵه‌كانییه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران‌، به‌ڵام هێشتا هیچ كه‌سێك نییه‌ زۆرترین چانسی هه‌بێت و ناتوانرێت بگوترێت چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ نزیكن.

ئه‌و چاودێره‌ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، به‌ گشتی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران چانسی حزبه‌ سیاسییه‌ شیعییه‌كان ده‌بێت كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاش نه‌پچڕاون.

Back to top button