ئه‌مشه‌و شاندێكی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته‌ به‌غدا

 

دوای دانیشتنی یه‌كه‌می نێوان نوێنه‌رانی سه‌ربازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی, بۆ دانیشتنی دووه‌م وابڕیاره‌ ئه‌مشه‌و شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ نوێنه‌رانی چوار وه‌زاره‌ت پێكهاتون، بگاته‌ به‌غدا و سبه‌ینێ (یه‌كشه‌ممه‌) گفتوگۆ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێگای هه‌ولێر-كه‌ركوك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی بكات.
عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ شانده‌كه‌دا، رایگه‌یاند، شه‌وی شه‌ممه‌ شانده‌كه‌ ده‌گاته‌ به‌غدا و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا و نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ، پێشمه‌رگه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی تێدایه‌ و سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كۆده‌بنه‌وه‌.
باسی له‌وه‌شكرد، هیچ ئه‌گه‌رێك نییه‌ بۆ پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و رێگایه‌ به‌ هاوبه‌شی و سبه‌ینێ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو شتێك ده‌رده‌كه‌وێت.

Back to top button