بەرپرسێکی باڵای قەوارەکەی بەرهەم ساڵح دەستی لەکار کێشایەوە
دوای تێپهڕینی تهنها چهند مانگێك بهسهر دامهزراندنی قهوارهی هاوپهیمانی بۆ دیموكراسی و داد پهروهری, دڵشاد عەبدولرەحمان بەرپرسی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبەکە ڕاگەیاند.
ئەو بەرپرسە کە پێشووتر لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو و لەسەر پشکی ئەو حزبەش وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو و دواتریش چووە نێو ڕیزی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح، بەڵام مانەوەی لەنێو ئەو حزبەدا زۆری نەخایاند و ئەمشەو بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
دڵشاد عەبدولرەحمان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی”لێرەوە ئاگاداری ڕای گشتی دەکەم کە بەفەرمی دەست لەکارکێشانەوەم لەهاوپەیمانی بۆدیموکراسی ودادپەروەری ڕادەگەیەنم”.
دەشڵێ” گەیشتمە ئەوقەناعەتەی ئەو ئامانجەی ئێمە هاوپەیمانیمان وەک قەوارەیەکی هەڵبژاردن بۆ درووست کرد لەڕێگای ئەم هاوپەیمانیەوە نایەتەدی و بەردەوام بونی ئەم هاوپەیمانیەش وبەشداریکردنی لەهەڵبژاردنەکانی کوردستان تەنیا ژمارەیەکی تری بێکاریگەر دەخاتە سەر لیستی هێزەکان و پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش زیاتردەکا بەتایبەتی لەزۆنی سەوز “.
ئەمەی خوارەوە دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی قەوارەکەی بەرهەم ساڵحە:-
بەڕێز سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ودادپەروەری
دوای سڵاو
بەم نامەیە دەست لەکارکێشانەوەی خۆم ڕادەگەیەنم لەهاوپەیمانی لەبەرئەوەی گەیشتمە ئەوقەناعەتەی ئەو ئامانجەی ئێمە هاوپەیمانیمان وەک قەوارەیەکی هەڵبژاردن بۆدروست کرد لەڕێگای ئەم هاوپەیمانیەو ە نایەتەدی و بەردەوام بونی ئەم هاوپەیمانیەش وبەشداریکردنی لەهەڵبژاردنەکانی کوردستان تەنها ژمارەیەکی تر ی بێکاریگەر دەخاتە سەرلیستی هێزەکان وپەرتەوازەیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانیش زیاتردەکا بەتایبەتی لەزۆنی سەوز ، وەجگە لەگەیشتنی چەند کەسانێک بەپەرلەمان ویان وەرگرتنی چەند پۆستێک شتێکی دیکەی پێنایەتەدی کەئەوە نەئامانجی من بوەو نەئێوەش لەکاتی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیدا .
وەنامەیەکی تایبەتدا وردەکاری زیاتربۆ بەڕێزتان دەنێرم .
هەر لێرەوەش ڕای گشتی ئاگادار دەکەم کەلەم چرکەساتەوە من هیچ پەیوەندیەکم بەهاوپەیمانی بۆدیموکراسی وداپەروەری نەماوە .
لەگەڵ ڕێزم
دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان محەمەد
۲٠۱۸/۷/۲۸