خەبات وەڵامی كوردستانی نوێ دەداتەوە
خواكوڕك
ئەمرۆ 16ی 10ی 2016 ی رۆژی یەك شەممە لە رۆژنامەی خەبات لەژێر ناونیشانی ( شانازیی نیشتیمانی قەدەری ئێوە نییە) بەناوی چاودێرێك وەڵامی رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی یەكێتی دەداتەوە كە بابەتێكی لەژێر ناونیشانی “خانەی نیشتیمانی تاپۆكەی لای ئێوە نییە” بڵاو كردۆتەوە لە وەڵامەكەی رۆژنامەی خەبات دا هاتووە، ئایا نازانن هەر ڕاگەیاندنەكەتان كە بووەتە بووقی ئەم تاقمە چۆنچۆنی لەشەڕی داعشدا پێشمەرگەی مەزن و شەهیدی لە چوارچێوەی تەسكی حزب بچووك كردەوە و شەڕی دەروونی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرد؟ شەهید شەهیدی كوردستانە و موڵكی مافیا نییە موزایەدەی پێوە بكات. ئەگەر بە پێوەری بەرتەسكی خۆیشتان ئەتانەوێ ژمارەكان بزانن، بڕۆن سەیری لیستی شەهید و برینداران بكەن، ئەو كات ئەزانن پارتی چ بارێكی قورسی لەسەر شانە.
هاووڵاتیان باش دەزانن پارتی شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و خۆی بە خاوەنی سەركەوتن و شكستەكان دەزانێ. وەك ئێوە نییە شەریك بن و لەژێرەوە دوژمن. ئێوە لەگەڵ نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەرەكانی یەكێتیشدا كێشەتان هەیە، ئەتوانن، بەڵێ ئەتوانن لە چركە ساتێكدا ناوی بزڕێنن و دوژمنایەتیی بكەن. بێگومان ئەوە تەربیەتی مەدرەسەیەكی شوومە كە دووبەرەكی و جاشایەتی و جنێوفرۆشی داهێنا.. بڕۆن سەیری مێژوو بكەن.
دەقی وتارەكەی خەبات
شانازیی نیشتیمانی قەدەری ئێوە نییە
چاودێرێك
لە لاپەڕەی دووی ڕۆژی سێشەممە یازدەی ئۆكتەبەری دووهەزار و شانزەی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی یەكێتی، بابەتێك بەناوی “خانەی نیشتیمانی تاپۆكەی لای ئێوە نییە” بڵاو بووەتەوە كە تێیدا بە تەواوەتی دەمامكی دوژمنكاریی تاقمێكی دیاریكراو كە دەستی بەسەر یەكێتیدا گرتووە لەدژی بەرژەوەندیی كوردستان و پێشمەرگە و پارتی هەڵماڵدراوە. تاقمێك كە سوودمەندی سەرەكیی خێروبێری كوردستانە و بووەتە بەڵا بەسەر خودی یەكێتی و سلێمانی و كوردستان.
ڕووی وتەی ئێمە لە تاقمەكەیە، ئێمە ڕێزمان بۆ فیداكاری و نیشتیمانپەروەریی پێشمەرگە و كادر و دڵسۆز و تێكۆشەرانی ناو یەكێتی هەیە و شەرعییەت لای ئەوانە. ئەو تێكۆشەرانەی بە خوێنی خۆیان پارێزگارییان لە یەكێتی و كوردستان كرد و مافیاكەیش لە لەندەن و ئەوروپا و بەغدا و كوردستان خەریكی دزی و تاڵان و گەندەڵین. ڕووی قسەی ئێمە لە مافیاكەیە كە ڕێز و وەفای بۆ خوێن و ماندووبوونی یەكێتییە ڕاستەقینەكانی ناو یەكێتی نییە.
لە نووسینەكەدا ڕووقایمانە ویژدانی هاووڵاتیانی كوردستانیان كردۆتە حەكم. پێتانوایە خەڵك نازانن مەعدەن و ماهیەتی ئێوە چییە؟ نازانن بێویژدانانە و بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بكەوێتە سەر ئەژنۆ ڕاوێژی بڕینی قووتی خەڵكتان دایە مالیكی؟
ئایا نازانن هەر ڕاگەیاندنەكەتان كە بووەتە بووقی ئەم تاقمە چۆنچۆنی لەشەڕی داعشدا پێشمەرگەی مەزن و شەهیدی لە چوارچێوەی تەسكی حزب بچووك كردەوە و شەڕی دەروونی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرد؟ شەهید شەهیدی كوردستانە و موڵكی مافیا نییە موزایەدەی پێوە بكات. ئەگەر بە پێوەری بەرتەسكی خۆیشتان ئەتانەوێ ژمارەكان بزانن، بڕۆن سەیری لیستی شەهید و برینداران بكەن، ئەو كات ئەزانن پارتی چ بارێكی قورسی لەسەر شانە.
هاووڵاتیان باش دەزانن پارتی شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و خۆی بە خاوەنی سەركەوتن و شكستەكان دەزانێ. وەك ئێوە نییە شەریك بن و لەژێرەوە دوژمن. ئێوە لەگەڵ نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەرەكانی یەكێتیشدا كێشەتان هەیە، ئەتوانن، بەڵێ ئەتوانن لە چركە ساتێكدا ناوی بزڕێنن و دوژمنایەتیی بكەن. بێگومان ئەوە تەربیەتی مەدرەسەیەكی شوومە كە دووبەرەكی و جاشایەتی و جنێوفرۆشی داهێنا.. بڕۆن سەیری مێژوو بكەن.
باسی كەركوك و بە حزبیكردنی كەركووك دەكەن؟ كەركووك موڵكی گەلی كوردستانە، ئەتانەوێ ئەوێش بەدەردی زۆنەكەتان بەرن و بیكەن بە كانگەی گەندەڵی و دزی و نیشتمانفرۆشی؟ خوێنی ئەو شەهیدانەی لەپێناو كەركووكدا بەخشیومانە ئەو مافەمان پێ دەدات كە ڕێگە لەدزینی نەوتی كەركووك بگرین. ئەرێ بەڕاست ئەتوانن بڵێن چیتان بۆ سلێمانی كردووە كە بیست و چەند ساڵە بە درۆ و زەبروزەنگ و چەواشەكاری دەستتان بەسەریدا گرتووە؟ بۆ خەڵك نازانێ وەك موڵكی عائیلە سەیری سلێمانی دەكەن و هەزاران دۆنم دەبەخشنە خزمە خائین و جاشسیفەتەكانتان؟
بۆ هاووڵاتی نازانێ سەدان ملیۆن دۆلاری قووتی میللەت بە ئیملای دەرەكی لە ڕاگەیاندن و فەیسبوك و سایتەكان بۆ دژایەتیكردنی سەربەخۆیی سەرف دەكەن؟
تەنگاوی ئەوەن مالیكیی نانبڕی هاوپەیمانتان لە بەغدا ڕیسوا كراوە. ئەو مالیكیەی بودجەی كوردستانی بڕی، ئابڵۆقەی خستەسەر پێشمەرگە و چەكی دە ساڵی دەوڵەتی عێراقی لە چاوتروكاندنێك بەخشیە داعش. جیاوازیتان ئەوەیە ئێوە لەگەڵ بەد و شووم و ڕووڕەشەكان هاوپەیمانن. ئێوە هاوپەیمانی پۆلپۆتییەكانی كوردستان و مالیكی و فەتلاویی و شۆڤینییەكانی ترن. بەڵام پارتی سەربەرزە بە هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی خۆی لەگەڵ حزبە تێكۆشەرەكانی كوردستان و خەڵكی خاوەن پڕەنسیپ و دیاریشە كام هاوپەیمانی خزمەتی بەرژەوەندیی كوردستان دەكات. باسی پارلەمان دەكەن ئەو پارلەمانەی خۆتان موسەببی داخستنی بوون. لەگەڵ ڕەوتی سەرلێشێواوی پۆلپۆتیدا پیلانتان گێڕا بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی پەكبخرێ ئەویش لەپێناو لەباربردنی سەربەخۆیی.
فرمێسكی تیمساح بۆ ڕۆژئاوا دەڕێژن؟ ئێوە چوزانن ڕۆژئاوا و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا چییە؟ ڕق و ئیرەییتان بەرانبەر بە پارتی وای كرد تەپڵ بۆ تاقمێكی سەرلێشێواوی دیكتاتۆر لە ڕۆژاوا لێ بدەن كە دەستیان بە خوێنی تێكۆشەرە كوردەكانی سووریا سوورە و پیاوی موخابەراتی بەعسی سووریان كە وەلینیعمەتی ئێوەیە. هەر لە ڕقی پارتی بوونەتە بڵندگۆی ئەوانەی دوژمنی ئاڵای كوردستانن لە ڕۆژئاوا و باكوور. بیرتان دێت بە هاشوهوشی بێبنەما و قیڕەقیڕەتان لە باكوور چۆن مەكسەبە سیاسییەكانی كوردتان لە توركیا بەر با دا.
ئەو مافیایەی دەستی بەسەر یەكێتیدا گرتووە، یەكێتیی كردووەتە چەكوچێك لەدژی سەربەخۆیی. مافیاكە بێ پڕەنسیپە، ئامادەیە بۆ مەرامە ڕەشەكانی دەست بۆ هەموو شتێك ببات، نان ببڕێ، نەوت بدزێ، ببێتە جاشحەشد و جاشی مۆدڕێن، درۆ بكا. پارتیش بەم فاڵگرتنەوە و هاشوهوشەی ئێوە ئیرادەی ناشكێ، ڕێگەی خۆی گرتووە و خۆی دەكاتە قوربانی بۆ سەربەرزی و سەربەخۆیی گەلەكەی، پارتی بۆ ئەوە دامەزراوە و لە ڕێگە پیرۆزەكەیدا هیچ بودەڵە و جاشێك ناتوانێ ببێتە بەربەست.
پارتی بناخەی سەربەخۆیی ئابووریی كوردستانی داناوە و خۆی بۆ تەرخان كردووە. ئێوەی مافیا و هاوپەیمانە پۆلپۆتییەكانتان ناتوانن ببن بە بەشێك لە شانازی و سەربەخۆیی كوردستان.