كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم: هاوڵاتیان له‌ رێگای ئینته‌رنێت ده‌توانن دڵنیابن له‌ بوونی ناوه‌كانیان

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن ده‌یان بنكه‌ و ناوه‌ندی تۆماری ده‌نگده‌رانی كرده‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ بوونی ناوه‌كانیان، له‌ ئێستادا هاووڵاتیان له‌ رێگه‌ی سایتێكیشه‌وه‌ ده‌توانن دڵنیاببنه‌وه‌ له‌ بوونی ناوه‌كانیان له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانداو هاوكات بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگده‌ر پێویسته‌ له‌گه‌ڵ فۆڕمی خۆراك، یه‌كێك له‌ پێناسه‌كانی دیكه‌ی پێبێت.
شۆڕش حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم رایگه‌یاند هاووڵاتیان ماوه‌ی مانگێكیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ بوونی ناوه‌كانیان له‌ تۆماری نوێی ده‌نگده‌ران له‌ رێگه‌ی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ یان سایتی كۆمسیۆن، وتی: “215 ناوه‌ند بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ته‌رخان كراوه‌ (84 له‌ سلێمانی، 76 له‌ هه‌ولێر، 47 له‌ دهۆك و 8 ناوه‌ند له‌ هه‌ڵه‌بجه‌).

گوتیشی: “به‌شێك له‌و كردارانه‌ی له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان ئه‌نجام ده‌درێت چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوانه‌یه‌ كه‌ سڕكراون، كه‌ پێی ده‌وترێت پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ناویان نییه‌، ده‌توانرێت ناوه‌كانیان زیاد بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ كۆچی دواییان كرووه‌ ناوه‌كانیان ده‌سڕێته‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ هاووڵاتیان سه‌ردانی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ بكه‌ن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جیا له‌بنكه‌كان له‌ رێگه‌ی سایتی كۆمسیۆن و داخڵكردنی ژماره‌ی فۆڕمی خۆراك هاوڵاتیان ده‌توانن له‌ بوونی ناوه‌كانیان له‌ تۆماری نوێی ده‌نگده‌ران دڵنیاببنه‌وه‌، ته‌نها ئه‌گه‌ر كێشه‌ له‌ ناوه‌كانیان هه‌بوو پێویسته‌ سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌شی كه‌ پێویسته‌ ده‌نگده‌ر له‌ رۆژی ده‌نگدان پێیبێت شۆڕش حه‌سه‌ن گوتی: “ده‌بێت ده‌نگده‌ر جیا له‌ كارتی نیشتمانی، یان ناسنامه‌ی باری كه‌سی یان ره‌گه‌زنامه‌، فۆڕمی خۆراكیشی پێبێت”، واته‌ ناتوانێت ته‌نها به‌ فۆڕمی خۆراك ده‌نگبدات، هه‌روه‌ك ناشتوانێت یه‌كێك له‌و سێ به‌ڵگه‌نامانه‌ به‌ بێ فۆرمی خۆراك بۆ ده‌نگدان به‌كاربهێنێت.

Back to top button