بهرپرسانی كهتهلۆنیا: سهربهخۆیی مافێكه كۆڵنادهین تا بهدهستی نههێنین
دوای ئهوهی كهتهلۆنیا ریفراندۆمی بۆ سهربهخۆیی ههرێمهكهیان ئهنجامدا له ساڵی رابردوو حكومهتی ئیسپانیا به ههموو شێوهیهك له دژی وهستانهوه تهنانهت بهشێك له سهركرهكانی حكومهتی ئهوكاتی كهتهلۆنیایان دهست بهسهركردن, لهگهڵ دژایهتیهكانی ئیسپانیا بەرپرسانی حکومەتی دوورخراوە و حکومەتی نوێی کەتەلۆنیا سوورن لەسەر ئەوەی بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکە و واز لەو ئامانجە نەهێنن.
ساڵی رابردوو حکومەتی ناوەندی ئیسپانیا رێگری لە گەیشتنی کەتەلۆنییەکان بە خەونی سەربەخۆیی کرد، ماوەی چەندین مانگیشە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە و وڵاتی جێهێشتووە.
کارلیس پیوژدیمۆنت، سەرۆکی لەکارلادراوی کەتەلۆنیا و کیم تۆرا، سەرۆکی ئێستای هەرێمەکە لە برۆکسل کۆبوونەوە و دەربارەی بارودۆخی هەرێمەکەیان گفتوگۆیانکرد.
سەرۆکی لەکارلادراوی کەتەلۆنیا رایگەیاند، خەبات بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بووە هۆی ئەوەی ناچار بێت وڵاتی خۆی بەجێبهێڵێت، بەڵام لەسەر ئەو خەباتەی بەردەوامدەبێت تاوەکو کەتەلۆنییەکان بە ئامانجی خۆیان دەگەن.
کارلیس پیوژدیمۆنت گوتیشی “ئەمە کۆتایی گەشتەکە نییە. لێرەوە لەسەر گەشتەکەم بە سەرانسەری ئەوروپادا بەردەوامدەبم. گەشت بۆ دوایین سووچی کیشوەرەکەمان دەکەم بۆ پاڵپشتیکردن لە ئامانجی دادپەروەرانەی خەڵکی کەتەلۆنیا. گەشتەکەم کۆتایی نایەت تاوەکو زیندانییە سیاسییەکان ئازادنەکرێن، دەرکراوەکان نەگەڕێنەوە و خەڵکی کەتەلۆنیا بە ئامانجی مافی چارەی خۆنووسینیان نەگەن”.
هەنگاوە تووندەکانی حکومەتی ئیسپانیا دژی حکومەت و پەرلەمانی پێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا دوای گشتپرسییەکەی 1ی تشرینی یەکەمی 2017 دەستیپێکرد. زیاتر لە 90%ی بەشداربووانی گشتپرسییەکە دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام حکومەتی ناوەندی ئیسپانیا ئەو ئەنجامەی قبوڵنەکرد و چەندین تۆمەتی وەک “یاخیبوون، نانەوەی دووبەرەکی” خستەپاڵ هەندێک لە بەرپرسانی کەتەلۆنیا.
سەرۆکی هەرێمەکەش لە برۆکسلەوە رایگەیاند، تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی پێشووی کەتەلۆنیا کارێکی هەڵەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، کەتەلۆنییەکان خاوەنی مافی خۆیانن.
کیم تۆرا، سەرۆکی کەتەلۆنیا گوتی “خەڵکی کەتەلۆنیا ئومێد و مافیان هەیە؛ مافی چارەی خۆنووسین. ئەم مافە لە 1ی تشرینی یەکەمی رابردوودا پراکتیزە کرا و لە 27ی تشرینی یەکەمیشدا بە فەرمی راگەیێندرا. ئێمە نابێت هیچکات لە سندووقەکان بترسین”.
دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن پەرلەمانی کەتەلۆنیاوە لە تشرینی یەکەمی رابردوودا، پیوژدیمۆنت بە ناچاری و لە ژێر گوشاری مەدریددا ئیسپانیای بەجێهێشت.
لە چەندین مانگی رابردوویشدا ئەو سیاسەتمەدارە کەتەلۆنییە لە ژێر گوشارێکی گەورەدا بووە، لەوانەش ئەگەری رادەستکردنەوەی بە حکومەتی ئیسپانیا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە.