نه‌جمه‌دین كه‌ریم, ته‌نها خیانه‌تكاران ریفراندۆم به‌ هۆكاری خیانه‌ت و داگیركردنی كه‌ركووك ده‌زانن.

دوای خیانه‌ته‌كه‌ی 16ـی ئۆكۆتبه‌ری كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ كه‌ركووك و به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان داگیر كرا, پارێزگاری شه‌رعی كه‌ركووك باس له‌ رووداوه‌كه‌ و هۆكاری خیانه‌ت ده‌كات, ده‌لێت:” گەورەترین خاڵی لاوازمان نەبوونی یەک ھێزی پێشمەرگەیە لەژێر یەک فەرماندە، ئەگەر ئەوە نەبوایە، ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووی نەدەدا”.

نەجمەدین کەریم پارێزگاری شه‌رعی كه‌ركووك ده‌شلێت:” پێشتر زۆر باسی چۆنیەتیی ڕووداوەکەم کردووە. ئێمە ڕیفراندۆممان کرد، وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیاری مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی ناوەندی و سەرکردایەتی ھەمووی ئەوەبوو کەوا ڕیفراندۆم لە شوێنە ناکۆکی لەسەرەکانیش بکرێت، ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆم، ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕیفراندۆم بکرێت، ئەمە لەبنەڕەتدا یەکێتی گوایە پێش ھەموو کەس داوای مافی چارەنووسی کردووە، منیش ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووم و لەسەر ئەو بڕیارەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی، لەگەڵ نەخشەڕێگەیەکی یەکێتی، بڕیارمان دا کە ڕیفراندۆم دەکەین، بە کەرکووک و شوێنە دابڕێندراوەکانیشەوە. ھەندێک دەیانگوت ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکووک بکرێ، ئەو ڕۆژە کەرکووک دەبێتە بەحری خوێن، کەچی لە کەرکووک لە ھەموو شوێنێک خەڵک حەماسی بۆ ڕیفراندۆم زیاتر بوو، ھەر کورد بۆ دەنگدان نەچوون، عەرەب و تورکمانیش بەشێکیان چوون و زیاتر لە ٩٠٪ی خەڵک لەگەڵ ڕیفراندۆمدا بوون، ھیچ شتیکی خراپ ڕووی نەدا، بەڵام ھەندێک ئەمەیان بەکار دەھێنا”.

پارێزگاری كه‌ركووك ده‌شلێت:” بە ڕای من وڵاتانی دەوروبەر و بەشێک لەدەرەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، چوون لە بەغدا ڕێککەوتنێکیان کرد، بەھیوای ئەوەی ھەندێک مەکاسبیان دەست بکەوێ، بە ترساندنی خەڵک بەوەی پێشمەرگە شەڕی پێ ناکرێ، لە کاتێکدا پێشمەرگە نەیویستووە شەڕ بکات، بەڵام پێشمەرگە دەیتوانی بەرگری بکات، چونکە پێشمەرگە بەرامبەر بە داعش وەستا، لە کاتێکدا سوپای عێراق بەرامبەری ڕایکرد، پێشمەرگە لە مووسڵ چالاکترین بوو، لەکاتێکدا داعش لەوێ لە ھەموو شوێنێک چالاکتر بوو.

Back to top button