رووسیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل پشت له‌ ئێران ده‌كات

 

له‌گه‌ڵ ئالۆزتر بوونی په‌یوه‌نده‌كانی نێوان ئێرانی دۆستی رووسیاو ئیسرائیل, به‌ تایبه‌ت له‌ پرسی په‌یوه‌ندی به‌ دۆخی سوریاوه‌ له‌ ئێستادا, تێبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیا و ئیسرائیل به‌هێزتر بووبن و هه‌ردوو وڵات به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی ره‌وشی سووریا و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی ئیسرائیلن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ شاره‌زای رووسی دیمیتری فرۆلۆڤسكی له‌ وتارێكدا كه‌ رۆژنامه‌كانی رووسیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵ و سایتی عه‌ره‌بی وه‌ریانگێڕاوه‌ و بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندووه‌، به‌ هۆی شه‌ڕی سووریاوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و رووسیا باشتر بوونه‌.

له‌ وتاری ئه‌و شاره‌زا رووسییه‌دا هاتووه‌:

بڕیاره‌ له‌ ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی سووریا بۆ سه‌ر ئیدلب و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌ڵستكاران زیاتر بن. هاوسه‌نگی هێز ده‌گۆڕێت. رووسیا ئێستا له‌ به‌ره‌یه‌كدایه‌، كه‌ ده‌كرێت هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مڕۆی نه‌یاری سبه‌ی بن. هه‌ر بۆیه‌ بیر له‌ گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ده‌كاته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی. به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ لایه‌ن لۆبی جووله‌كه‌ له‌ رووسیا پشتیوانی ده‌كرێن.

سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندییه‌ به‌ تینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاران، به‌ نهێنی رووسه‌كان هاوڕای نیگه‌رانییه‌كانی ئیسرائیلن. به‌ تایبه‌تی به‌ هۆی هه‌ژموونی یه‌كلایه‌نه‌ی هێزه‌ ئێرانییه‌كان. مۆسكۆ باش ده‌زانێت چۆن فشار بخاته‌ سه‌ر ئێران به‌ بێ ئه‌وه‌ی باجی متمانه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ بدات.

ئیسرائیل ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ بوونی ئێران له‌ سووریا. هه‌رچه‌نده‌ رووسیا هێزی ئه‌وتۆی نییه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزه‌ ئێرانییه‌كان له‌ سووریا درووست بكات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بكات، ده‌كرێت هاوسه‌نگی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ژموونی ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

هه‌ر بۆیه‌ مۆسكۆ چاوپۆشی له‌ هێرشی سوپای ئیسرائیل له‌ دژی ئامانجه‌ ئێرانییه‌كان له‌ سووریا ده‌كات. بڕیاری ئه‌م دواییه‌ی دیمه‌شقیش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی رێڕه‌وه‌كانی هێزی ئاسمانی سووریا له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، بووه‌ جێی خۆشحاڵی رووسه‌كان و ئیسرائیلییه‌كان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ هۆی كاریگه‌ری لۆبی ئیسرائیل له‌ واشنتن، رووسه‌كان نایانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل گرژیان تێبكه‌وێت. هه‌ر بۆیه‌ ئیسرائیل فاكته‌رێكی گرنگه‌ له‌ سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا. به‌ نسبه‌ت رووسیاشه‌وه‌، تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، راكێشانی كارتێكی به‌هاداری سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ ده‌ربازكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ واشنتن له‌ ناوچه‌یه‌كی مردوودا.

سه‌رچاوه‌: رووسیالیه‌وم

Back to top button