ئێران به‌ موشه‌ك بارانكردنی كه‌شتیه‌كی سعودی په‌یامێكی به‌ ئه‌مریكادا

 

 

دوای ئه‌وه‌ی حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن كه‌ میلیشیایه‌كی چه‌كدارن له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پالپشتی ده‌كرێن, کەشتییەکی نەوتی گەورەی سعوودییە کە بەڕێوەبوو بۆ وڵاتی میسر، موشه‌ك بارانكرد, زیانی زۆری بەرکەوت، ئەمەش بە هەڕەشەیەکی نوێی ئێران بۆ ئەمەریکا تەماشادەکرێت لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە لە هەموو کات زیاتر ئەگەری رووبەڕووبونەوەی سەربازییان هەیە.

ئەو کەشتییە نەوتییە ئاڵای وڵاتی سعوودییەی بەرزکردبوەوە و هەڵگری دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بوو ، لە نزیک بەندەری حەدیدە کە شوێنی رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان و سعوودیەیە، پێکرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی پەیمانگای واشنتن، مووشەکەکە لە جۆری سی- 802 بووە و ئێران داویەتی بەو چەکدارانە. ئەمەش وایکرد سعوودیە گواستنەوەی نەوت لەو دەریایە (دەریای سوور) بۆ کاتێکی نادیار بوەستێنێت.

حوسییەکان بەرپرسیارەتی خۆیان بۆ ئەو هێرشە راگەیاند، بەڵام قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، سعوودییەی بە هۆکاری نا ئارامییەکانی دەریای سوور تۆمەتبارکرد.

لە لایەکی دیکەوە و بە گوێرەی راپۆرتێکی سایتی هاریتز، ئەمەریکا لەمێژە نیگەرانە لە کارەکانی سولەیمانی، ئەو نیگەرانیانەش زیادتر بوون بە هەڕەشەکردنی قاسم سولەیمانی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. پێشتریش، قاسم سولەیمانی باسی لە ئاسایشی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کردبوو و هۆشداریشی لەو بارەویەوە دابووە واشنتن.

جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لایخۆیەوە ئێرانی بە کوشتنی سەربازانی ئەمەریکی لە عێراق لە دوای ساڵی 2003 ەوە تۆمەتبارکردبوو چونکە ئەو کات ماتیس فەرماندەی سوپای کۆماندۆی ئەمەریکا بوو و زانیاری لەسەر قوربانیانی سوپاکەی هەبوو.

ئەمانەش هەموو لە کاتێکدان، ئێران لە رێگای سووپای سووریاوە تادێت نزیکتر دەبێتەوە لە سنووری ئیسرائیل و تاکو ئێستاش نێوەندگیری رووسیا کاریگەری ئەوتۆی نەبووە بۆ نەهێشتنی مەترسی رووبەڕووبەونەوەی ئێران و ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریادا.

هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییەی سعودییەش لە کاتێکدایە، ئابووری ئێران بە تەواوی نغرۆ بووە و هاووڵاتیانی کۆماری ئیسلامی داوای چاکسازی بنەڕەتی دەکەن، بەڵام پێدەچێت تاران وەک چۆن سەرۆکەکەی (رۆحانی) لەسەر گەرووی هورموز گووتی، یان دەبێت ئەوانیش بەشێک بن لە سیاسەتی و بازرگانی جیهانی، یان جیهان نابێت بە ئاسانی بازرگانی بکات.

Back to top button