خیانه‌ته‌كه‌ی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر له‌ دوزخورماتوو كوردی له‌ خاوه‌ن ماڵ كرد به‌ میوان

 

دوای خیانه‌تی 16ـی ئۆكۆتبه‌ری كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران داگبركرا, دواتر جگه‌ له‌ ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه‌ به‌شێكی زۆری به‌رپرسی كورد به‌ بڕیاری حه‌شدی شه‌عبی له‌ كاره‌كانیان دورخرانه‌وه‌ دواهه‌مینیان, به‌بڕیاری‌ پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین قائیمقامی نوێی قه‌زای‌ دوزخورماتوو ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات، به‌وشێوه‌شه‌ كۆتایی به‌ چه‌ندین ساڵ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن كاندیدێكی كورده‌وه‌ دێت.

به‌گوێره‌ی‌ نووسراوێك كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌، رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 30ی ته‌مموز، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا ئه‌لجبوری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین به‌ فه‌رمانی‌ ئیداری‌ ژماره‌ (1073)ی‌ ساڵی‌ 2018 ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دانانی حه‌سه‌ن زه‌ینلعابدین، وه‌كو قائیمقامی دوزخورماتوو له‌ شوێنی‌ شه‌لال عه‌بدول، كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌و پۆسته‌ دورخراوه‌ته‌وه‌، ده‌ربڕی‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ “به‌پێی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ پێمان دراوه‌ بڕیاماندا به‌ كۆتاییهێنان به‌ راسپاردنی‌ تالب محه‌مه‌د مسته‌فا له‌ ئه‌ركی‌ قائیمقامی‌ قه‌زای‌ دووزخورماتوو به‌ وه‌كاله‌ت و دانانی‌ حه‌سه‌ن زه‌ینلعابیدنی‌ نه‌قی‌ ته‌قی‌ وه‌ك قائیمقامی‌ له‌ به‌رواری‌ ده‌رچوونی‌ ئه‌م فه‌رمانه‌”.

سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ئه‌‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ حه‌سه‌ن زه‌ینلعابدینی سه‌ر به‌ پێكهاته‌ی توركمانی‌ وه‌كو قائیمقامی نوێ له‌ شوێنی‌ شه‌لال عه‌بدول هه‌ڵبژارد، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی تێكه‌وت و له‌ دادگای كارگێری تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ درا و به‌و هۆیه‌وه‌ پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونه‌كه‌ی نه‌دا، تا پێكهاته‌كان رێكده‌كه‌ون و تالب محه‌مه‌د مسته‌فای‌ راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ وه‌كاله‌ت قائیمقام بێت.

له‌ ‌دوای پرۆسه‌ی روخاندنی رژێمی به‌عس، شه‌لال عه‌بدول وه‌كو كوردێك پۆستی قائیمقامی دوزخورماتوی وه‌رگرت و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌وه‌ دوورخرایه‌وه‌ و دواتر تانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌دا به‌ڵام نه‌یتوانی پۆسته‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌.

له‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ رابردوو دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر به‌ قه‌زای دوزخورماتووشه‌وه‌ و دواتر پرۆسه‌ی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ پۆسته‌كان له‌و ناوچانه‌ ده‌ستی‌ پێكرد و به‌پێی‌ ئاماره‌ ناڕه‌سمییه‌كان به‌وهۆیه‌وه‌ كورد زیاتر له‌ 40 پۆستی‌ له‌ده‌ست داوه‌.

 

Back to top button