حزبه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵحیش شه‌ق بوو

رۆژنامه‌ی باس ئاشكرای ده‌كات، كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام و سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری كه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ كردووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندام و لایانگرانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا له‌ حزبه‌كه‌  دوورخستۆته‌وه‌، هه‌ر به‌پێی زانیاری رۆژنامه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سالار حەمەد، ھاوڕێ مەحموود، د. دڵشاد عەبدولڕەحمان و عومەر عەلی لە قەوارەکەی بەرھەم ساڵح کشاونەتەوە و ھاوکات ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دیکەشیان لەگەڵ خۆیاندا لەو قەوارەیە بردووەتە دەرەوە.

سالار حەمەد، یەکێک لەو سەرکردانە به‌هه‌مان رۆژنامه‌ی راگه‌یاندوو”زیاتر لە مانگێکە ١٨٤ کەسین و دەست لەکار کێشانەوەمان پێشکەش کردووە، لە ناویشیاندا خۆم و ھاوڕێ مەحموود ئەندامی سەرکردایەتین، ئەوانی دیکەش لە ئەندامی دەڤەر و کارگێڕی بازنەی پێکھاتوون،  ئەوەشی خستە روو، کە “کۆمەڵێک خەڵکی ماستاوچی وای کردووە، قەوارەکە ھەمان قاڵبی حزبەکانی دیکەی بەبەردا بکرێت“. دەشڵێت: “بەدڵنیاییەوە کشانەوەی ئێمە کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک خەڵکی دیکەش ھەبووە“. ئەوەشی ڕەت کردەوە کە لەبەر پلە و پۆست لە هاوپەیمانییەکە کشابنەوە و گوتی: “خۆم ئەندامی سەرکردایەتی و دامەزراوەی یاسایی بووم، بەڵکو ھۆکارەکە ھەبوونی بۆشاییەکی مەبدەئی و پەراوێزخستنی ھاودیدەکانمان لە پلەکانی خوارەوەدا بووە، بۆیە دڵنیاشم خەڵکی زیاتر واز لە ھاوپەیمانی دەھێنێت“.

ھاوکات ھاورێ مەحموود کە یەکێکی دیکەیە لە سەرکردە دەست لەکار کێشاوەکانی حزبه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌لێـ”لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەست لەکار کێشانەوەی خۆم ڕاگەیاند، ھۆکارەکەشی بۆ گوێ نەگرتنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەگەڕێتەوە، کە ئامادە نەبوو گوێ لە دید و ڕەخنە و پێشنیاری ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتەکەی خۆی بگرێت، کە بۆ پێشخستنی پارتەکەی خستوویەتییە ڕوو، ھەروەھا پێموایە ئەو دروشمانەی ھاوپەیمانی ھەڵی گرتووە، گرنگترینیان دیموکراسی و دادپەروەرییە، بەڵام بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت ئەوە بەدی بھێنێت، بۆیە من ھیچ جیاوازی لەگەڵ حزبەکانی دیکەدا تێدا نابینم“.

لەلایەکی دیکەوە سادق محەمەد، کاگێڕی بازنەی سورداش، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی و ٦٠ ئەندامی لە قەوارەکەی بەرھەم ساڵح پشتڕاست کردەوە، رایگه‌یاندووه‌”لەو ماوەیەدا بۆم دەرکەوت کە ناتوانم لە حزبێکدا کار بکەم کە جێگای ئێمەی تێدا نابێتەوە، چونکە کەسانێک لە قەوارەکەدا قوتبوونەتەوە، کە بەس بەرژەوەندیی خۆیان دەوێت، ھەرچەندە ئێمە سەرەتا گوتمان بە خۆبەخشی کار دەکەین، بەڵام ئەوە خۆبەخشی نەبوو خۆ گوژی بوو لەسەر گیرفانی خۆمان کارمان کرد، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ڕێگەی یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتییەوە پەیوەندی بە قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەوە کردووە کە ئەویش ”هاوڕێ مەحموود“ە، بەڵام ”ئێستا زۆر پەشمان“ە کە پەیوەندی پێوە کردوون.

Back to top button