ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دهقی دانپێدانانی گرووپه تیرۆریستییهكهی بڵاوكردهوه
ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان، لهگهڵ راگهیهندراوێكدا، دهقی دانپێدانانی گرووپێكی تیرۆریستی سێ كهسی بڵاوكردهوه، كه پیشتر بهیعهتیان به رێكخراوی داعش داوه و ئهو سێ تیرۆریستهی هێرشیشیان كرده سهر باڵهخانهی پارێزگای ههولێر، سهر به ههمان گرووپن.
به گوێرهی راگهیهندراوهكهی ئهنجوومهنی ئاسایش، بەپێی دانپێدانانەکان هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گرووپە (اسماعیل نجم الدین اسماعیل) ناسراو بە “مەلا ئیسماعیل سوسەیی” بووە کە لە ساڵی 2014ــەوە پەیوەندی کردووە بە داعشەوە و دووجار بەیعەتی داوە.
دهقی راگهیهندراوهكهی ئهنجوومهنی ئاسایش:
راگەیاندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
دوای پەلامارە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لە رێکەوتی 23/7/2018 دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەرسێ تیرۆریستی هێرشبەر کوژران، تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و سەرئەنجام ئەندامانی تری گروپەکە دەستگیرکران.
پیلاندانەر و جێبەجێکارانی ئەم گروپە تیرۆریستیە لە پێنج ئەندامی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە (عبدالرحمن رحیم قادر، بلال سلیمان عبدالرحمن، رەهێل محمد روستم ناسراو بە علی، محمد جبار و محمد شیرزاد).
بەپێی دانپێدانانەکانیان کە لەگەڵ ئەم راگەیاندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گروپە (اسماعیل نجم الدین اسماعیل) ناسراو بە “مەلا ئیسماعیل سوسەیی” بووە کە لە ساڵی 2014ــەوە پەیوەندی کردووە بە داعشەوە و دووجار بەیعەتی داوە، تۆماری دەنگی بۆ سەرکردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو کارێک دەربڕیووە، هەروەها زانیاری سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە داوەتە داعش. دوایین کاری تیرۆریست (ئیسماعیل سوسەیی) دابینکردنی چەک و پارە و پێداویستی بووە بۆ گروپی ئەنجامدەری کردە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بەڵام ئیسماعیل سوسەیی لە رێکەوتی 3/7/2018 بە بڕیاری دادوەر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، بە بەڵگەی داعشبوونی دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەک و جبەخانەکەیدا گیرا.
ئەم گروپە لە رێگەی چەند کەسێکی توندڕەوەوە و لەژێر پەردەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، پەرەیان بە بیری توندڕۆیی داوە، پیلانی کردەی تیرۆریستیان داناوە. یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە تیرۆریست (محمد شیرزاد)ــە و لە 2015 بە بەڵگەی داعشبوونی بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕیاری دادگا حوکم دراوە، بەڵام دوای ئازادبوونی دووبارە پەیوەندی بە داعشەوە کردوەتەوە و لەو کردە تیرۆریستیەدا بەشدار بووە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی پارێزگا و برینداربوونی چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان.
سوپاسی هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، لە هاوکاری بەردەوامیان بۆ دەزگا ئەمنیەکان، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە، دەزگاکانمان بەردەوام دەبن لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان، بۆ سەلامەتی و پارێزراوی سەر و ماڵی هاوڵاتیان.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
2/8/2018