وەرزی گەڵارێزانی بزاڤی گۆڕان

عەلی عەونی..
.
ئەرێ باراست چۆنە هەر کەس، وەکو گۆڕان و نەوشیروان و ئێستای پ.ک.ک بیربکاتەوە، سیاسەتمەدارە، رۆشنبیرە، کورد پەروەرە، دڵسۆزە، ئازایە و ئازادە…تاد. و هەرکەس وەک ئەمانە بیرنەکاتەوە، با خەڵکی پایتەختی رۆشەنبیریش بێت، دەبێتە – کۆیلە و مەسینە هەڵگر و نەزان و دواکەوتوو و نەخوێندەوار و خائین و..تاد ؟!!
 
لە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات و پێش ئەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان بە دێو دڕندە و نا دڵسۆز و کرێگرتە و دیکتاتۆر و زاڵم و..تاد وەسف دەکرا لەلایەن گۆڕان و شەریک شعورەکانیانەوە.
 
بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەندێک جڵەوی بۆ شل کردن و هەندێک ئیمتیازاتی لەگەڵ گوتن، ئیتر ئەو حاڵ و بازاڕە نەما و بەهەڵە داوان غاریان دا بۆ سەر سفرەی دەسەڵات و پارتیش بووە لایەنێکی دڵسۆز و کوردپەروەر و ئیتر ئیشمان بەوە نییە، هەر کە چنگیان لە کورسی گیر بوو و هەندێک جێیان خۆش بوو دیسان گەڕانەوە سەر هەمان تاس و هەمان حەمام!!.
 
ئەم هێزە رەفتار فاشیە هەتا ئەو پەڕی ناشیرینی دەستی دایە ناشرین کردنی یەکێتی نیشتیمانی و تۆمەت و ناتۆرە و ناوی ناشرین نەما نەیدەنە پاڵ ینک و خۆشیان لە رابردووی (ناشرینی) ینک بێبەری دەکرد وەک بڵێی گۆڕانبازەکان تا ساتی دروستبوونی گۆڕان لە مەریخ بووبن و تازە بەتازە داداینە.
 
سەرکردەی گۆڕان و زۆربەی هەرە زۆری گۆڕان نەک هەر کێشەیان لەگەڵ ئیسلامیەکان هەبووە بەڵکو تەنانەت لەگەڵ خودی ئیسلامیش وەک دین کێشەیان هەبووە. ئیتر ناشرینی نەماوە بە ئیسلامیەکانی نەیکەن.
 
بەڵام هەر ئەو هێزەی کە گۆڕان بە گەندەڵ و دز و مافیا و بنەماڵە و نەزان، وەسفیان دەکرد، لەگەڵ شل کردنی جڵەو بۆیان لەلایەن هێرۆ خانم و شاناز خانەوە خێرا بووە هێزێکی پەپوولە ئاسای تێکۆشەر و پاک و کوردپەروەر و..تاد.
 
هەر لەگەڵ ئەوەی ئیسلامیەکان لە حەڤدەی شوبات و گەلە کۆمەی (٢٣)ی حوزەیران چوونە پاڵ بیر و هزرە ئاڵۆزەکانی گۆڕان و سەرگردەکەیان ئیتر ئیسلامیەکانیش بوونە هێز گەلی پێشڤەڕۆ و پێشکەوتوخواز و تەنانەت بیرمەندەکانی سەری گەردەکە دەستیان کرد بە پێداهەڵگوتن بەڕێبەرە ئیسلامیەکان و بانگێشیان دا لەبەر دەرکی سەرا.
 
گەنجە دڵسۆز و دڵپاکەکانی گۆڕان، ئەوانەی بەراستی بۆ مەبەستی پێشخستنی باری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان چووبوونە پاڵ بزاوتی گۆڕان، واقیان وڕ مابوو و گێژ و کاس بوونە، لەم ئاڵۆزی و پەتپەتێن و تەراتێنە هزری و سیاسیەی نەوشیروان و گۆڕان.
 
چۆن دەبێت لە شەو و رۆژێکدا یەکێتی نیشتیمانی بەو هەموو رەفتار و خەسڵەتە خراپ و ناشرینانەی ببێتە پەپولە و گۆڕان ببێتە هاوپەیمانیان (ئەگەر بەشێک لە تانکەرە نەوتەکان نەدرابێتە نەوشیروان)؟؟.
 
بە چ شێوەیەک کەسێکی وەک عەلی باپیرو حزبێکی وەک یەکگرتوو کە بە ئەوپەڕی دواکەوتوو و هزری کۆنەپەرستی وەسفیان دەکرد، بە قودرەتی قادر بوونە هاوپەیمان و هەموو ئەو سیفەت و ناوانەیان لەسەر لاچوو کە گۆڕان پێیانی بەخشیبوو!!.
 
لاوانی دڵسۆز و دڵسافی ناو گۆڕان تاساون و تازە دەزانن کە دەستخەرۆ کراون و بەکارهێنراون بۆ لێدانی ئەم و ئەو بۆ گەیاندنی کۆمەڵە خەڵکێک بە کورسی دەسەڵات کەچی هیچ چاکەیەک نەهاتە گۆڕێ و بگرە رەوشەکەیان لەوەی کە هەبوو خراپترکرد. بۆیەش ئێستا دەبینین لەگەڵ وەرزی پاییز گەڵارێزانی گۆڕانیش دەستی پێکردووە و رێکخستنەکانیان پۆل پۆل واز لە گۆڕان – دینن و هەرکەسێکیش وازی لە گۆڕان هێناوە خێرا تاوانباریان کردووە بە کۆیلەیی و خۆفرۆش بەرامبەر پارە و نەزانی و خیانەت و…تاد.
 
ئەرێ بەراستی پەساپۆرتی زانایی و شۆڕشگێڕی و کوردایەتی و ئازایەتی لای گۆڕان و پ.ک.ک یە؟. ئایا دروستە هەرکەس لەگەڵ ئەوان نەبێت نەزان و نا کوردە و نا شۆڕشگێرە.
 
ئەرێ بەراست ملکەچ بوون بۆ مالکی و فەتلاوی و قەیس خەزعەلی و..تاد رۆشنبیری و ئازایەتیە و باس کردن لە سەربەخۆیی کوردستان بۆ موزایەدەی حیزبییە؟!.
Back to top button