نێچیرڤان بارزانی: به‌ڵگه‌كان به‌سن بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئێزیدیه‌كان

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدیه‌كانی نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌دا رایگه‌یاند”لەو هێرشه‌دا بۆ سەر دەڤەری شنگال 1293 كەسی سیڤیلی دەڤەری شنگال شەهید كران، هەروەها 6417 ئێزدیش ڕفێندران كە زۆربەی زۆریان منداڵی كچ و ئافرەتن و 2745 منداڵیش بێ دایكوباوك بوون. دەیان پەرستگەی ئێزدییان وێران كران و تا ئێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانە و چەندین ئامار و بەڵگەی دیكە بەسن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی تایبەت دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن.

هه‌روه‌ها گوتیشی”لەو ڕۆژە خەمناكەدا بە پێویستی دەزانین حكوومەتی فیدرالیی عێراق دەستبكات بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان.

 

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان

پەیامی ساڵیادی كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی ئێزدییان

ئەمڕۆ ساڵیادی كۆمەڵكوژییەكی دیكەی ئێزدییانە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە. ئەو كۆمەڵكوژییە وەك یەكێك لە دڕندانه‌ترین كۆمەڵكوژییەكانی سەدەی بیستویەك كەوتە مێژووی گەلی كوردستان و مرۆڤایەتییەوە.

لەو هێرشه‌دا بۆ سەر دەڤەری شنگال 1293 كەسی سیڤیلی دەڤەری شنگال شەهید كران، هەروەها 6417 ئێزدیش ڕفێندران كە زۆربەی زۆریان منداڵی كچ و ئافرەتن و 2745 منداڵیش بێ دایكوباوك بوون. دەیان پەرستگەی ئێزدییان وێران كران و تا ئێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانە و چەندین ئامار و بەڵگەی دیكە بەسن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی تایبەت دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە پاراستنی ئێزدییان و هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكانی دەڤەری شنگال، هەروەها نووسینگەی تایبەتیمان بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوان كە تا ئێستا نیوەیان ڕزگار كراون و تا ڕزگاركردنی هەموو خوشك و برا ئێزدییە ڕفێندراوەكانمان ناوه‌ستین. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باشكردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال ده‌دات كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین.

لەو ڕۆژە خەمناكەدا بە پێویستی دەزانین حكوومەتی فیدرالیی عێراق دەستبكات بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان.

هەروەها داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەكەین بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی دەڤەری شنگال و باشكردنی ژیانی خەڵكی ئەو ناوچەیە كە جینۆسایدكردن و لێكەوتەكانی و خراپیی گوزەران، ژیانی ئەوانی تەواو ناخۆش كردووە. ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی ژیانی خەڵكی دەڤەری شنگال ئەركێكی هاوبەش و هەمەلایەنەیە.

لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز بۆ قوربانیان و گیانی پاكی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دادەنوێنین كە لەپێناو ڕزگاركردنی شنگالدا شەهید بوون و تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا لە شنگالەوە دەستیپێكرد.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
3/8/2018

Back to top button