خۆپیشانده‌ران له‌ به‌سرا دروشمی (ارحل) بۆ عه‌بادی به‌كارده‌هێنن, كه‌ سه‌رۆكه‌ له‌ كار لادراوه‌كانی تونس و لیبیا و میسر به‌كارهاتووه‌

له‌ درێژه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانی كه‌ له‌ باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق دژ به‌ حكومه‌تی عێراق به‌رێوه‌ده‌چێت, ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی هاووڵاتییان له‌ پارێزگای به‌سره‌ی باشووری عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران داوای خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌كه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر به‌ڵێنی دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان پێدراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون، بۆیه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی گوته‌ی هاووڵاتییان، رۆژانه‌ كه‌متر له‌ چوار كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی هه‌یه‌، هه‌رچی ئاوی خواردنه‌وه‌شه‌ به‌بێ پاڵفته‌كردن له‌ رووباره‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ ماڵان، رێژه‌ی خوێ و سوێری ئاوه‌كه‌شیان به‌رزه‌.

وه‌ك خه‌ڵكی به‌سره‌ باسی ده‌كه‌ن، گه‌رمای به‌سره‌ به‌ به‌راوۆد به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق جیاوازه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارێزگاكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابینكردنی داهاته‌ بۆ عێراق.

گرته‌ ڤیدیۆكانی خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش خۆپیشاندان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران ژماره‌یان كه‌متر بووه‌ته‌وه‌ و له‌ كه‌ربه‌لاش هاووڵاتییان رژابوونه‌ سه‌ر شه‌قام.

Back to top button