حاكم قادر: داوامان لە بەرھەم ساڵح نەكردووە كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی بڵاوبونه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌رهه‌م ساڵح كاندید ده‌كات بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ،ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی گووتی:” نه‌مبیستووه‌ كاك به‌رهه‌م داوای كردبێت و ده‌رگاشمان كراوه‌یه‌ ،به‌ڵام لە ئەنجوومەنی ناوەند داوا كراوە كە محەمەد سابیر كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق”.

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “یەكێتی بەڵێنی كاندیدكردنی بۆ سەرۆك كۆمار بە كەس نەداوە، بەڵام یەكێتی وەك ھێزێكی گەورە و كاریگەر دەرگای كراوەیە، بۆ ھەموو كەسێك كە لە ریزەكانی یەكێتی كاربكات”.

ئەندامه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاشیگه‌یاند: “داوامان لە بەرھەم ساڵح نەكردووە كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، نەشم بیستووە، كاك بەرھەم داوای كردبێت، دەرگاشمان كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو كەس و لایەنێك”.

لەبارەی كاندیدیكردنی محەمەد سابیر بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتییەوە، حاكم قادر گوتی: “لە ئەنجوومەنی ناوەند داوا كراوە كە محەمەد سابیر كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام دوا بڕیار لە كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەدرێت، تائێستا گفتوگۆمان لەسەر دوا بڕیار نەكردووە”.

لەبارەی داواكردن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حاکم قادر، گوتیشی: “دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان هەیە پەرلەمان هەر بڕیارێک لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامبدات ئێمە پێیەوە پابەند دەبین”.

Back to top button