پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا سه‌ری عه‌بادی ده‌خوات

 

له‌دوای هه‌لبژاردنی 12ی ئایار تا ئێستا نه‌توانراوه‌ هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ دروست بكرێت, له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا ده‌خوازێت عه‌بادی جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران, شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ عه‌بادی و پێداگری ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ڵوێستی عه‌بادی لاوازكردووه‌.
ئه‌حمه‌د ئه‌بیه‌ز، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی عێراق روونی ده‌كاته‌وه‌، عه‌بادی سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر پشتگیری ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م، ئه‌وه‌ش پێگه‌كه‌ی لاوازتر كردووه‌، هه‌رچی كوتله‌ و حزبه‌كانی دیكه‌یه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و، چاوییان زیاتر له‌سه‌ر پشتیگری ناوخۆیی و وڵاتانی هه‌رێمییه‌.
ئه‌و شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌ دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، عه‌بادی به‌هێزترین كاندید بوو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی پشتگیركردنی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، له‌ ناوخۆ ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م ئه‌سته‌م ده‌بێت بۆی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سوهام موسه‌وی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی فه‌تحی هادی عامری رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای لاوازبوونی پێگه‌كه‌ی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئێستا عه‌بادی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی “رزگاری نیشتمانی” پێكبهێنێت.

Back to top button