حه‌وت چه‌كداری داعش له موسڵ و ده‌وروبه‌ری ده‌ستگیركران
له‌گه‌ڵ زیاد بوونی جموجۆله‌كانی داعش له ناوچه كوردستانیه داگیركراوه‌كان و چه‌ند پارێزگایه‌كی ناوه‌ڕاستی عێراق وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ده‌ستگیركردنی پێنج چه‌كداری داعش له باشوری موسڵ راگه‌یاند و له پرۆسه‌یه‌كی دیكه‌شدا دوو چه‌كداری دیكه له به‌ری چه‌پی ئه‌و شاره كه‌وتنه ده‌ست هێزه ئه‌منییه‌كان.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه نوسینگه‌ی بنبڕكردنی تاوانه‌كان له ناوچه‌ی حه‌مام عه‌لیل-ی سه‌ربه شاری موسڵ پێنج چه‌كداری داعشیان ده‌ستگیركردوه كه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌بووه و له‌لایه‌ن دادگاوه داواكراون.
ئاشكراشیكردوه كه ئه‌و چه‌كدارانه له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی هه‌واڵگری ده‌ستگیركراون و هه‌ر پێنجیان خه‌ڵكی گوندی قه‌بر عه‌بد-ی سه‌ربه ناحیه‌ی حه‌مام عه‌لیلن له باشوری موسڵ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه و له به‌ری چه‌پی موسڵ هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای شایه‌تیدانی هاوڵاـیان دوو چه‌كداری دیكه‌ی داعشیان ده‌ستگیركرد.