شێخ جعفەر شێخ مستەفا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە دەرنەچن

خواكوڕك
شێخ جعفەر شێخ مستەفا لەرێگای میدیاكانەوە پەیامێك ئاراستەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و دەلێت پەلە نەکەن لە هێرش بردن و لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە دەرنەچن، هەروەها بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان، داوای لێکردن دەست بۆ دەست بۆ هیچ چەک و شتێکی پاشماوەی داعش نەدەن تاوەکو تیمەکانی ئەندازەیی پێشمەرگە لە نەبوونی بۆمب لە ژێریاندا دڵنیایان دەکەنەوە.

ئەو فەرماندەی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە كەناڵی كوردستان 24ی راگەیاندووە، کە هێرشی ئەمڕۆی پێشمەرگە هەنگاوی یەکەمە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ هەروەها دەشلێت کە ئەو شوێنانەی پلان بۆ رزگارکردنەوەیان دانراوە، پێشمەرگە رزگاریان دەکاتەوە و دانانەوەی بۆمب و نەوت سووتاندنی داعشیش لە سەنگەرەکان ناتوانن پێشڕەویی پێشمەرگە رابگرن.

کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند.

تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە پێنج کیلۆمەتری چوارگۆشەی رزگارکردووەتەوە و توانیویانە شکست بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بهێنن.

Back to top button