عارف روشدی: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كورسی و ده‌نگه‌كانی پارتی زیاتر ده‌بن

 

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان, له‌ ئێستادا پێشنیاره‌كان له‌ باره‌ی قورسای سیاسی حزبه‌كان له‌ داهاتووی كوردستان ده‌خرێنه‌ روو, راوێژكارێكی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ :چه‌ندی پارتی به‌هێزتر بێت و خاوه‌نی كورسیی زیاتر بێت، زیاتر كاروانی كوردایه‌تی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا كورسی و ده‌نگه‌كانی پارتی زیاتر ده‌بن.

عارف روشدی راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ پێشتر ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بوو، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “پارتی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ كردووه‌، له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی، لق و داموده‌زگاكانی دیكه‌ی حزبی، جووڵانه‌وه‌یه‌كی باش هه‌یه‌”.

گوتیشی‌: “پلان داده‌نرێت تاكو بتوانین له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستبه‌كار بین، خه‌می ئێمه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین ژماره‌ی كورسی و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی زیاد بكه‌ین”.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ “ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین چه‌ندی پارتی به‌هێز بێت و چه‌ند زیاتر خاوه‌نی كورسی بێت، زیاتر كاروانی كوردایه‌تی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت”.

عارف روشدی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ “ده‌بێ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبه‌تی له‌و ره‌وشه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ ئێمه‌ بتوانین هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو و پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بده‌ین، جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ نه‌بێت و ئه‌نجامه‌كان به‌ ئیجابی وه‌ربگرین، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانێكی نوێ ده‌ستبه‌كار بێت و ئه‌و په‌رله‌مانه‌ به‌ هزرێكی باشتر و كوردانه‌ كار بكات و حكومه‌تی نوێ دابمه‌زرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كومه‌ڵگه‌ی كورد به‌ره‌و گه‌شانه‌وه‌ی زیاتر هه‌نگاو بنێت”.

راوێژكاره‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ “سیاسه‌تی پارتی و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌و حزبه‌، شایه‌تیی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ خه‌ڵك زیاتر ڕێز له‌ پارتی ده‌گرێت و پشتگیریی ده‌كات، به‌وه‌ش كورسی و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی زیاتر ده‌بن”.

Back to top button