عزه‌ت سابیر :دکتۆر یوسف ماویەتی ببێت به‌ سه‌رۆككۆماری عێراق

پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی خواستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دانانی یوسف محەمەد وەک سەرۆککۆماری عێراق له‌ جێگه‌ی فواد مه‌عسوم ، لای خۆیه‌وه‌ عزەت سابیر، ئەندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند: ”پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت بە ڕێککەوتن لە نێوان حزب و پێکھاتەکانی عێراق بکرێت، ھەڵبژاردن کراوە و لە ڕێی لیستەوە بووە و یوسف محەمەد، ئەگەر گۆڕان نەبێت، چوار دەنگ ناھێنێت لە کوردستاندا، لەبەر ئەوە، ئەو دەنگەی هێناویەتی، دەنگی حزبەکەیەتی“.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی ڕاشیگه‌یاند: ”ئەگەر سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق درا بە گۆڕان، پیرۆزیان بێت، بەلام ھێشتا دکتۆر یوسف ماویەتی بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق“.

عزه‌ت سابیر ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شڵێت :”دەبێ یوسف محه‌مه‌د پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی تێبگات، بۆ ئەوەی بیر لەو پۆستە بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە تەمەنەکەی بکە بەپێوەر بۆ ئەزموون، ئەوکاتە بەراوردێک لە نێوان محەمەد سابیر و یوسف محەمەد بکە، ئەزموونەکەیان و خەباتەکەیان بەراورد بکە، ئەو کاتە بۆ ھەموو خەڵکی عێراق دەردەکەوێت کە ھێشتا یوسف محەمەد ماویەتی بیر لەوە بکاتەوە کە ببێت بە سەرۆک کۆمار“.

له‌ عێراقی نوێ پۆستی سەرۆک کۆمار، پشکی کورد بووە، لە ناو لایەنە کوردستانییەکانیش یەکێتی به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ل پارتی دیموكراتی كوردستاندا خاوەنی پۆستەکە بووە، بەڵام ئەمجارە بەشێك لە سەرکردە باڵاکانی پارتی پێیانوایە، نەخشەی سیاسی گۆڕاوە، مەرج نییە ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، ھەندێك بەرپرسی یەکێتیش دەڵێن، دوای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەیان لەگەڵ پارتی، گۆڕانکاری لە بۆچوونی پارتی لەسەر پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە یەکێتی ھاتووەتە ئاراوه‌.

Back to top button