ئازاد جوندیانی: وتارەکەی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی هەشتەمی لاوان، داڕێژەری نەخشەڕێگەی کوردایەتییە

ئازاد جندیانی: وتارەکەی سەرۆک بارزانی داڕێژەری نەخشەڕێگەی کوردایەتییە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە میانەی بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆنگرەی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، وتارەکەی کاردانەوەی گەورەی لە سەر ئاستی سیاسی و میدیایی ناخۆی کوردستان، نووسەر و سیاسەتمەدارێکی کوردیش دەلێت، وتارەکەی سەرۆک بارزانی داڕێژەری نەخشەڕێگەی کوردایەتییە لە قۆناغی دوای ریفراندۆمدا.

ئازاد جندیانی، نووسەر و سیاسەتمەداری کوردستان لە وتارێکدا، شیکارییەک بۆ وتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات، کە لە کۆنگرەی هەشتەم (کۆنگرەی پێشمەرگە)ی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پێشکەشی کرد.

لە وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی کوردستان پاشکۆیەتیی هیچ وڵات و گەلێک قبووڵ ناکات و هەرگیز دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی نابێت.

لە وتارەکەیدا، ئازاد جندیانی ئەو وتارەی سەرۆک بارزانی بە وتارێکی ”زۆر گرنگ، روون و راشکاوانە“ لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و کوردستانەوە، پێناسە دەکات، کە پێویستی بە خوێندنەوە و تێڕامانە.

ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرۆک بارزای لە وتارەکەیدا، نەخشەڕێگەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و رۆڵی حزبە کوردستانییەکان و مەرجەکانی گەلی کوردستانی بۆ بەشداریکردن لەو کابینەیە، دیاری کرد.

ئازاد جندیانی لەبارەی پرسەکانی سەربەخۆیی کوردستان و ریفراندۆم لە وتارەکەی بارزانیدا، رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی بە جەختکردنەوە لە دەستبەردارنەبوونی سەربەخۆیی کوردستان ”ئەنتی تێزێکی زۆر روون و پڕ مانا و قووڵ“ی راگەیاند، کە وەڵام بوو بۆ دژەسەربەخۆکان و ئەوانەی سەربەخۆیی کوردستان بە خەیاڵ دەزانن.

جندیانی پێشی وایە سەرۆک بارزانی بەو جەختکردنەوەیە لە سەربەخۆیی کوردستان ئەو هزرە دژە سەربەخۆییەی هەڵوەشاندەوە، کە هێشتا چەندین لایەن و کارەکتەری سیاسیی و هەندێک لە نووسەرانیش کاری لەسەر دەکەن و دەیانەوێ. ”دیدێکی چەواشەکارانەی دژە سەربەخۆیی پەرە پێ بدەن و ڕای گشتی کوردستان بەوە رابێنن، کە سەربەخۆیی خەیاڵە و بانگەشەی فراوانیش بۆ ئەوە ئەکەن، کە ریفراندۆم شکستی ھێنا“.

ئەو سیاسەتمەدارە جەختی لەوە کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی بە تەحەدداوە پاشکۆبوونی وڵاتانی دراوسێی رەت کردەوە و پێداگریی لەسەر سەربەخۆبوونی کوردستان کردەوە و ”جارێکی تر بەرەی سیاسی و میللیی سەربەخۆخوازیی کوردستانی نەک ھەر دڵنیاکردەوە، بەڵکو گەرم و گوڕی کردەوەو بەتوندی و بەڕوونی ھێنایەوە ڕۆژەڤ“.

ئازاد جنیانی لە کۆتایی وتارەکەی پێی وایە ئەو وتارەی سەرۆک بارزانی لەم کاتەدا، کە بە قۆناغی ”پۆست ریفراندۆم“ پێناسەی کردووە، ”لەم ھەل ومەرجەدا پێویستییەکی تیۆری، سیاسی ، سایکۆلۆژی وکرداری بوو، کە ئەبێ  بەدوای خۆیدا ئاراستەی گفتوگۆ و باس وخواسەکان بگۆڕێ و داڕێژەری تان وپۆی نەخشەڕێگەی کوردایەتییە لە قۆناخی پۆست ریفراندۆمدا“.

رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، بە پێداگریی و هەوڵی سەرۆک بارزانی، هاووڵاتییانی هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی ریفراندۆم و لە ئەنجامدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق، دا

 

Back to top button