ڕاگه‌یاندراوێك له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه
به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، ئەمڕۆ سێشەممە 7/8/2018، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، کۆبووه‌وه.
سەرەتا سەرۆک وەزیران ده‌رباره‌ى دوا سەردانى بۆ بەغدا و کۆبوونەوهى لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگه‌یاند هەردوولامان لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ و هامەهەنگیی هەولێر و بەغدا هاوڕا بووین و داوامان كرد بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە یەکخستنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵی، جێبەجێ بکات.
به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه، هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى كردنه‌وه‌ى ڕێگه‌كانى نێوان هه‌ولێر كه‌ركووك و ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستان بۆ ناردنهدهروهى نه‌وتى كه‌ركووك، گفتوگۆیان كردووه. ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عێراقیش دووپاتیان كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان ڤیتۆى له‌سه‌ر كه‌س نییه و ئەوەی بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگە بەرنامەی کاری حکوومەته كه هاوکار و هەماهەنگ بێت بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا.
دواتر مەحموود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ده‌رباره‌ى دوا پێشهاتەکانی بابەتی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدی و پێکهاتە نەتەوه‌یى و ئایینییه‌كانى دیكه و دوا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژماره (٢٣٧٩)، سەبارەت بە پێکهێنانی تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، ڕاپۆرتێكیان پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد.
ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی ئاسایشی بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ بەرەوپێشچوونی دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانى داعش دژ بە ئێزدی و مەسیحى و هەموو پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانی دیكه، هه‌روه‌ها لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشى راسپارد هەماهەنگی له‌گه‌ڵ ئەو تیمە نێودەوڵەتییە بكه‌ن.
ئه‌وه‌ش هاتووه، كه سه‌رۆك وه‌زیران لیژنه‌كه‌ى ڕاسپارد هەموو ئەو بەڵگانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کۆکراونەتەوە، بخرێنە بەردەست تیمه‌كه بە ئامانجی بەسزاگەیاندنی ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید بۆ ئه‌وه‌ى قوربانیانی ئێزیدی و مه‌سیحی و پێکهاتە نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییەکانی دیكه لە قەرەبووكرنهوهی زیانەکانیان سوودمەند بن. داوا لە حکوومەتی عێراقیش کرا ڕه‌چاوی هاوبەشیپێکردنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت لە دادوەر و یاساناس و شارەزایانی ئەو بوارە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتی خۆی سەبارەت بە پاراستنی ماف و ئازادییە ئاینییەکان کردەوە کە لە بنچینە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤن، باوەڕیشی وایە هەر هاووڵاتییەک مافی پارێزراوە لە هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینیی خۆی، هەرێمی کوردستان هەمەڕەنگێکە لە پێکهاتەی ئایینی و نەتەوییی جیاواز و هێزیشى لەو هەمەڕەنگییەدایە، بۆیه حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام بۆ کۆمەڵگا.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوه‌كه‌دا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی سەبارەت به ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2019 پێشکەش کرد کە له دوای ساڵی 2014ـه‌وه بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژەیە ئەمادە نەکراوە. باسی لەو هەنگاوانەش کرد کە بۆ خەمڵاندنی داهاتە گشتییەکان و خەرجییەکان ناویەتی و لەگەڵ وەزارەتەکان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە. ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی کرد و داوای لە وەزیرە بەڕێزەکان کرد لەم بارەیەوە هاماهەنگی له‌گه‌ڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بکەن.
لە بڕگەیەکی دیكه‌ى کارنامەی کۆبونەوەکه‌دا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەند کرد سەبارەت لێخۆشبوو‌ن لە سوود و سزاکانی دواکەوتن لەسەر ئەو کەسانەی قەرزاری پێدانی کرێ و بەدەلی موڵک و ماڵی دەوڵەتن بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا تەواوی کرێ و بەدەلی ساڵانی پێشوویان بدەن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.