ئازاد جوندیانی : وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی نەخشەڕێگەی کوردایەتیە لە قۆناخی پۆست ریفراندۆم دا

ئازاد جندیانی، نووسەر و سیاسەتمەداری کوردستان له‌ وتارێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ژێر ناونیشانی (سەرۆک بارزانی و گوتاری پۆست ڕیفراندۆم) تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر وتارەکەی سەرۆک بارزانی كه‌له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌مینی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان پێشكه‌شی كرد .

ئازاد جوندیانی نوسه‌رو سیاسه‌تمه‌داری كوردستان له‌ وتاره‌كه‌یدا نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت :” وتارەکەی سەرۆک بارزانی لەکۆنگرەی لاوانی پارتی، کەتیایدا سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت قسەیکرد، وتارێکی زۆرگرنگ بوو، چ لەبارەی ئێستای عیراق کە گیرۆدەی قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە و چ لەبارەی کوردستانیشەوە. ئەو وتارە هەڵئەگرێ لەزۆر لاوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ. وتارەکە زۆر ڕوون ڕاشکاوانەبوو، نەخشە ڕێگەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق و ڕۆڵی بەهێزی حزبەکوردستانیەکان و مەرجەکانی تیادا دیارکرد و بەشداریکردنی بەهێزی لایەنە کوردستانی لەسەربنەمای سێکوچکەی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی پێناسەکرد”.

له‌ به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا ” جوندیانی ” ده‌ڵێت :” ئەوەی لای من لەو وتارەدا زۆر جێی سەرنج بوو، وە بەڕاستی پێویست بەوە ئەکا کە زۆر لەسەری بوەستین، مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بوو. سەرۆک بارزانی ئەنتی تێزێکی زۆر ڕوون و پڕ ماناو قووڵی ڕاگەیاند، کاتێ گووتی ئەوانەی پێیان وایە دەستبەرداری سەربەخۆیی ئەبین ئەوە خەیاڵە، ئەمە ئەنتی تێزێکە لەبەرامبەر ئەو تێزەی کە سەربەخۆیی کوردستان بەخەیاڵ ئەزانێ، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی بنەمای ئەو هزرە دژە سەربەخۆییەیە کە هێشتاش لایەن و کارەکتەری سیاسی و هێندێ لە نووسەرانیش هەن کە فیکرو ستراتیژی سەربەخۆیی کوردستان رەت ئەکەنەوەو گەرەکیانە دیدێکی چەواشەکارانەی دژە سەربەخۆیی پەرەپێ بدەن و ڕای گشتی کوردستان بەوەرابێنن کە سەربەخۆیی خەیاڵەو بانگەشەی فراوانیش بۆ ئەوە ئەکەن کە ریفراندۆم شکستی هێنا”.

هه‌روه‌ها ئازاد جوندیانی نوسیویه‌تی و ده‌شڵێت :” سەرۆک بارزانی تێزی پاشکۆبوونی بە تەحداوە ڕەتکردەوەو ڕوون دوا، بنەماکانی سەربەخۆیی تەئکید کردەوەو پێداگری لەسەری قووڵتر کردەوەو جارێکی تر بەرەی سیاسی و میڵی سەربەخۆخوازی کوردستانی نەک هەر دڵنیاکردەوە، بەڵکوگەرم و گوڕی کردەوەو بەتوندی و بەڕوونی هێنایەوە ڕۆژەڤ”.

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ” جوندیانی ” نوسیویه‌تی :” دوا قسەم لەوبارەوە ئەوەیە کە، ئەو وتارەی سەرۆک بارزانی لەزۆر ڕووەوە ئەتوانین لێکی بدەینەوەو هەڵیسەنگێنین، چونکە ئەمە گوتاری (پۆست ڕیفراندۆم)ە، کە لەم هەل و مەرجەدا هەبوونی ئەو گوتارە پێویستیێکی تیۆری، سیاسی، سایکۆلۆژی وکرداری بوو، کە ئەبێ بەدوای خۆیدا ئاراستەی گفتوگۆو باس وخواسەکان بگۆڕێ ، ئەم گوتارەی سەرۆک بارزانی داڕێژەری تان وپۆی نەخشەڕێگەی کوردایەتیە لە قۆناخی پۆست ریفراندۆمدا”.

Back to top button