لە ساڵیادی جەنگی عێراق- ئێران ترسی ھەڵگیرسانی جەنگێكی دیكە دەكرێت

ئەمڕۆ  چوار شه‌ممه‌ ۸ی۸ی۲۰۱۸ ساڵیادی جه‌نگی  ۳۰ی ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێرانه‌، كە لە مانگی ئەیلوولی ۱۹۸۰ەوە دەستی پێکرد و تا ۸ی۸ی۱۹۸۸ بەردەوام بوو ، بەھۆی ئەو جەنگەوە، لە ھەردوو بەشی باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان، زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان روویاندا.

سەرەتای جەنگەكە بە شەڕی پچڕ پچڕ لە سەر سنوور دەستیپێکرد، پاشان سەدام حسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق رێککەوتنی جەزائیری لە ساڵی ۱۹۷۵ی ئێران ھەڵوەشاندەوە، بەشێوەیەکی فەرمی شەڕەکە لە رۆژی ۲۲ی مانگی ئەیلولی ۱۹۸۰ دەستیپێکرد.

بەرلەوەی شەڕ دەستپێبکات عێراق و ئێران ناکۆکیی درێژخایەنیان ھەبوو لە سەر سنوورەکانی نێوانیان بە تایبەتی ئاوی شەتولعەرەب، ھۆکاری تەقینەوەشی لەوکاتەدا تۆمەتبارکردنی ئێران بوو لەلایەن عێراقەوە بە ھەوڵدان بۆ ھەناردەکرنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ عێراق و وڵاتانی دیكە، کە تەنھا ساڵێك بوو ئەو شۆڕشە حوکمی تارانی گرتبووە دەست.

لە سەرەتادا شەڕ لە بەرژەوەندی عێراق بوو، چەند ناوچەیەکی ئێرانی داگیرکرد، بەڵام تا ساڵی ۱۹۸۲ ئێران ھەموو ناوچەکانی لە عێراق سەندەوە، ناوبەناویش ھەر لایە و بەسەر لایەکی دیكەدا سەردەکەوت.

لە ۸ ئابی ۱۹۸۸ جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران كۆتاییھات، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جەنگی یەکەمی کەنداو ناسراوە، عێراقیش پێی دەگوت “شەڕی قادسیەی سەدام” و ئێرانیش ناوی نابوو “شەڕی بەرگریی پیرۆز”.

بەھۆی ئەو شەڕەوە زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت، ھەم لە باشووری کوردستان ھەمیش لە رۆژھەڵاتی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری سنووری عێراق و ئێران لە خاکی کوردستاندا بوو، بەشێکی شەڕەکانیش لە کوردستان روویاندا، جیالەوەش وێرانكردن و سوتاندنی ھەزاران گوند و گیان لەدەستدانی ھەزاران سەربازی كورد كە لە ریزەكانی سوپای عێراقدابوون، لە ھەمووی جەرگبڕتر کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بوو لەلایەن عێراقەوە.

دوای ھەوڵی زۆری نێودەڵەتی، لە ۸ی۸ی۱۹۸۸ ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاریدا بە راگرتنی شەڕ. بەھۆی ئەم جەنگەوە ئابووریی ھەردوو وڵات زیانێکی زۆریان بەرکەوت، لەو شەڕەدا نزیکەی یه‌ك ملیۆن سەربازی ھەردوولا کوژران و نزیکەی ھەمان ژمارەش لە ھاووڵاتیانی مەدەنی کوژران.

Back to top button