به‌رپرسی لقی ۱٦ی پارتی :سەرۆک بارزانی سەرکردایەتیی ڕەوتێکی سیاسی نەتەوایەتی مێژووی کوردستان دەکات

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “گۆڕان لە دوای هەڵبژاردنی ١٢ی٥ی٢٠١٨ تووشی دۆخێکی زۆر خراپ بووە، یەکێکە لەو لایەنانەی کە حەز بە دواخستنی هەڵبژارن دەکات و دەیەوێت هەڵبژاردن نەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوودا تووشی شۆک بوون، هەروەها دەزانن خۆیان ئەو دەنگەی پێشتر ناهێننەوە، پێم وایە لە چەند ساڵی داهاتووشدا وردە وردە گۆڕان و گۆڕانخوازان و ئەو دروشمە بریقەدار و بێ ناوەڕۆکانەی هەڵیانگرتبوو بەرەو پووکانەوە دەچێت”.

سه‌باره‌ت به‌ قسەکانی چالاک موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە میدیاکان ڕەخنە لە قسەکانی سەرۆک بارزانی لە هه‌شته‌مین کۆنگرەی لاوان دەگرێت و دەڵێت: “نابێ بارزانی بەناوی لایەنە سیاسییەکان و کوردەوە قسە بکات، داواکردنی سەربەخۆییش بەو سیاسەتە ناکرێت”

لای خۆیه‌وه‌ به‌رپرسی لقی ۱٦ی پارتی دەڵێت: “جەنابی سەرۆک سەرکردایەتیی ڕەوتێکی سیاسی نەتەوایەتی مێژووی کوردستان دەکات، کە خۆی لە تێکڕای شۆڕشە نەتەوایەتییەکاندا دەبینێتەوە کە لەبەر پەتی سێدارە دروشمی یان کوردستان یان نەمانیان دەگوتەوە، بۆیە کاتێک جەنابی سەرۆک باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، ئەوا بەناوی ٩٣٪ی خەڵکی کوردستان قسە دەکات، کە دەنگیان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان داوە، ئەمڕۆش پێگەی جەنابی سەرۆک و پارتی لەوپەڕی بەهێزی دایە”.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دەشڵێت: “سەرۆک بارزانی لە وتارەکەی لە کۆنگرەی لاواندا باسی دوو ڕەوتی کرد، یەکەم ڕەوتی نیشتمانییە کە کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبات، دووەمیان ئەو ڕەوتەی کە حەز بە پاشکۆیەتی دەکات و بەرەو بەغدا دەچێت، گۆڕانیش لەو پاشکۆیەتییە و نایەوێت بێتە ناو ڕەوتە نیشتمانییەکە”، لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوت کە گۆڕان هێزێکە دروست بووە و نوێنەرایەتیی تێکدانی هەرێمی کوردستان، واتە پەیامی گۆڕان تێکدانی هەرێمی کوردستانە بە هەموو شێوەیەک”.

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕاشیگه‌یاند: “جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەموو وتەکانیدا بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پەنا بۆ توندوتیژی نابەین، بەڵکوو گوتوویەتی کە پێمان خۆشە بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە بە تێگەیشتن بتوانین مافەکانمان بەدەست بهێنین، بۆیە هەرگیز پەنای بۆ توندوتیژی نەبردووە بەتایبەت لە دوایین وتەی لە کۆنگرەی لاوان زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بۆیە ئەو قسانەی گۆڕان جۆرێکن لە چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی”.

بڵند ئیسماعیل ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەو دروشمانەی ئێمە هەڵیان دەگرین و دەیانگەیەنینە ئەنجام و نوێنەرایەتیی نەتەوەیەک دەکەین و سەرۆک بارزانیش سەرۆکایەتی دەکات، ئەو بابەتانە لەلای گۆڕان و هاوشێوەکانی بابەت نین و نە خەمیشیانە و نە دەزانن پەیامەکە چەند گەورەیە”.

Back to top button