كنێستی ئیسرائیل(په‌رله‌مان) تاوتوێی پڕۆژه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌ كوردستان ده‌كات

 

ئه‌ندامێكی كنێستی ئیسرائیل پڕۆچه‌ یاسایه‌كی ئاراسته‌ی كنێستی ئیسرائیل (په‌رله‌مان) ده‌كات، كه‌ به‌ پێی پڕۆژه‌كه‌ داوا كراوه‌، ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی سووریا و ئێران، به‌” خاكی دوژمن” دانه‌نرێن، هاوكات هانی بازرگانان ده‌دات، په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا ببه‌ستن.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا، جیاوازی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كنێست كه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ی پێشكه‌شكردووه‌، ده‌ڵێت، ئامانج له‌ پرۆژه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ده‌كرێت له‌ داهاتوودا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بكرێت.

كسینیا سڤیتلۆفا، ئه‌ندامی كنێستی ئیسرائیلی له‌سه‌ر حزبی “یه‌كێتی سایۆنیزم”، له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕای گه‌یاند: “ئامانج له‌ پرۆژه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئیسرائیلییه‌كان بتوانن به‌مه‌به‌ستی بازرگانی و كاری ئه‌كادیمی، هه‌روه‌ها سه‌ردانیكردنی گۆڕی ئازیز و كه‌سوكاریان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، كه‌ ناتوانێت گره‌نتی ئه‌وه‌ بدات، پرۆژه‌كه‌ی 100% په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵام: “زۆرێك له‌ وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌كه‌دا، هاوده‌نگن”. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، گه‌ر پرۆژه‌كه‌ی په‌سه‌ندیش نه‌كرێت، لانی كه‌م گرنگی هه‌رێمی كوردستان ده‌خه‌نه‌ به‌رچاو: “ئایا ده‌كرێت وه‌ك به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق ته‌ماشای بكه‌ین؟”.

به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، نزیكه‌ی 200 هه‌زار هاووڵاتی كورد له‌ ئیسرائیلدا ده‌ژین، دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌ 1948، هه‌زاران هاووڵاتی جوو له‌ عێراق و كوردستان ناژار كران، به‌ره‌و وڵاته‌ تازه‌ دروستبووه‌كه‌، كۆچ بكه‌ن.

Back to top button