فەرید ئەسەسەرد: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گۆڕان باش نیه‌, بۆیه‌ ناتوانین داوایه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن

 

دوای ئه‌وه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داوایكرد هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت, ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت, په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گۆڕان باش نیه‌ له‌و ئاسته‌دا نیه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین پێكه‌وه‌ دابنیشین و به‌رنامه‌ی گونجاومان هه‌بێت له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر خراپه‌ ئێمه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان چاك بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چاك بكه‌ن له‌م قۆناغه‌دا ناتوانین كۆببینه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش چونكه‌ بۆچونی ته‌واو جیاوازمان هه‌یه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌” ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ئێمه‌ ده‌رفه‌تی به‌ستنی كۆنگره‌مان ده‌بێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستنیه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت” به‌داخه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و گۆڕان باش نیه‌ ته‌نانه‌ت زۆر خراپه‌ له‌و ئاسته‌دا نیه‌ بتوانین ئه‌جێندای هاوبه‌ش دابنێین بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان،هەردوو لامان هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانمان دەدەین، ده‌شڵێت”هه‌موو حیزبه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نیگه‌رانن به‌ڵام ئاسته‌كه‌ی وه‌ك یه‌ك نیه‌, باس له‌ڕۆڵی ئێرانیش ده‌كات له‌هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رلەمانی هه‌رێمی كوردستان له‌(٣٠-٩-٢٠١٨)، ده‌ڵێت” تا ئێستا ئێران به‌فه‌رمی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی کوردستاندا نه‌كردووه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پێی خۆش بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاست بێت ئه‌مریكا و ئێران و وڵاتان داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنمان لێبكەن ئه‌وا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دواخستنیداین تا ئه‌وه‌ی له‌شه‌قامدا ده‌وترێت به‌ده‌ردی ڕیفراندۆم نه‌چین.”
هه‌روه‌ها ئه‌سه‌سه‌رد گوتیشی” ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت لیستیشمان ئاماده‌یه‌، به‌ڵام ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێن دۆخكه‌ له‌بار نیه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بادوابخرێت، له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاردرا هه‌ڵبژاردن بكرێت ئێمه‌ ده‌چین بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاته‌ سه‌ر ده‌نگدان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ئه‌وا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستینه‌وه‌.”

ئه‌و ئەندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتیشی” به‌فه‌رمی زۆربه‌ی حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت به‌ڵام به‌نافه‌رمی ده‌نگێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی نین ده‌ڵێن له‌كاتێكدا ئێمه‌ سه‌رقاڵی خۆ ئاماده‌كردن و بانگه‌ش بین بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕه‌نگه‌ پڕۆسه‌ی ده‌سپێكردنی وتووێژی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ده‌ست پێبكات ئه‌وه‌ش زۆر قورسه‌ كه‌له‌هه‌مانكاتدا شاند بنێرن بۆ به‌غداد و وه‌ خۆشیان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بكه‌ن به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا لایه‌نێكی سایكۆلۆژی له‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو حیزبه‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ له‌شه‌قامدا هه‌ڵه‌ وه‌ربگیرێت كاتێك حیزبێك ده‌ڵێت با هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت ڕه‌نگه‌ وا شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بترسن له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوو دڵن له‌باسكردنی هه‌ردوو بۆچونه‌كه‌یان.”

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ترسه‌ی خۆی به‌(لایه‌نی سایكۆلۆژی ناوی برد) هه‌یه‌ وتی” هه‌موو حیزبه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نیگه‌رانن به‌ڵام ئاسته‌كه‌ی وه‌ك یه‌ك نیه‌،كۆبونه‌وه‌ له‌نێوان حیزبه‌كاندا زۆر زۆره‌ به‌شێكی له‌سه‌ر ته‌لفزیۆن پیشان ده‌درێت به‌شێكیش پیشان نادرێت من ئاگادار نیم به‌ڵام ڕه‌نگه‌ باسی ئه‌و بابه‌ته‌شیان (دواخستنی هەڵبژاردن) كردبێت.”

ئه‌سه‌سه‌رد ڕه‌تیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێم بده‌ن و وتی” زۆرم پێ ناخۆشه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌م ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گۆڕان باش نیه‌ له‌و ئاسته‌دا نیه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین پێكه‌وه‌ دابنیشین و به‌رنامه‌ی گونجاومان هه‌بێت له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر خراپه‌ ئێمه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان چاك بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چاك بكه‌ن له‌م قۆناغه‌دا ناتوانین كۆببینه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش چونكه‌ بۆچونی ته‌واو جیاوازمان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان ئاسایی نیه‌ ئێمه‌ كار بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ ده‌كه‌ین وه‌ گۆڕانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌دات بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاست نیه‌ چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌و ئاسته‌دا نیه، تا به‌رنامه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.”

سه‌باره‌ت به‌بۆچونی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كتی له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی”ئێمه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی باسی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ باسی ئه‌وه‌مان كردووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ ده‌بێت كۆنگره‌ دوابخه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ئێمه‌ ده‌رفه‌تی به‌ستنی كۆنگره‌مان ده‌بێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ وتم ئه‌گه‌ر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستنیه‌وه‌ به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك باس له‌وه‌نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا یا نه‌كرا هه‌ڵوێستمان چی بێت؟ ئه‌مه‌ نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌ هێشتا.”

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد هه‌واڵی هاتنی بریت مه‌كگۆرگ بۆ كوردستان و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتی” هه‌واڵی هاتنی بریت مه‌كگۆرگ بۆ كوردستان و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دروسته‌ وه‌ كۆبونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كان هه‌ردروسته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كان چی باسكردووه‌ ؟ئایا باسی هه‌ڵبژاردنی كردووه‌ ؟ من ئاگاداری ئه‌وه‌نیم چونكه‌ من له‌كۆبونه‌وه‌كان نه‌بوم.”

له‌باره‌ی ده‌نگۆی هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی” ئێران ئه‌گه‌ر هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بدات ده‌بێت له‌ڕێگای ناردنی شاندێكی خۆی یاخود نوێنه‌رێكی فه‌رمی بێت كه‌ بینێرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دابنیشێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ شاند یا نوێنه‌رێكی ئێران نه‌هاتووه‌ به‌فه‌رمی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆبێته‌وه‌ و داوای دواخستنی هه‌ڵژاردنه‌كان بكات، ڕه‌نگه‌ ئێران پێی خۆش بێت هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابكه‌وێت ، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا هه‌وڵ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌دات به‌ڵام دواجار بڕیار بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان لای ئێڕان نیه‌ لای لایه‌نه‌كانه‌.”

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ندێك پێیان وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌مان دۆخی دوای ڕیفراندۆمی توش نه‌بێت پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی” له‌شه‌قامدا ده‌ڵێن ئێمه‌ جارێك ده‌ستمان سوتا كه‌به‌قسه‌ی ده‌وڵه‌تانی ترمان نه‌كرد له‌بابه‌تی ڕیفراندۆم دواماننه‌خست، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ڕاست بێت كه‌ ئێران و ئه‌مریكا و وڵاتانی تر له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانن ئه‌وا ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن دوابخرێت،، به‌ڵام ئه‌گه‌ر درۆ بێت و ئه‌وان داوایان نه‌كردبێت ئه‌وا پێویست ناكات ئێمه‌ ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بێت به‌ده‌ردی ڕیفراندۆم ده‌چینه‌وه‌.

Back to top button