به‌رێوبه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر: گروپی شەقاوە و عەسابە و قاتل و.. ھەموویان دەستگیر کراون

له‌وكاته‌وه‌ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی دابوو و دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردبوون رێوشوێنی یاسایی دژی یاساشكێنان بگرنه‌ به‌ر جا لە ھەر پلە و پایەیه‌کدا بن، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ده‌ڵێ، ھەولێر پاک کراوەتەوە لە ”عەسابە و گرووپی مافیا” و تا ئێستا ١٥٠ تۆمەتباریان ده‌ستگیر كردوون.

دكتۆر تارق نووری به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر،له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند:” ماوەکانی رابردوو دوای ئەوەی حاڵەتی کوشتن و ھەلگرتنی چەکی بێمۆڵەت زیادی کردبوو، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ژۆرێکی عەمەلیات دروست کراوە و ھێزەکانی ئاسایش ھاوکاریی ھێزە ناوخۆییەکانی دیکەی حکوومەت دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە ھەر بڵاوبوونەوەی ئه‌و دیاردەیە بگرن، لەو چوارچێوەیەدا ھێزەکانمان لە سنووری ھەولێر توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆری چەک و ئۆتۆمبێڵدا بگرن. لەو ماوەیه‌دا ١٥٠ کەسمان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر كردوون، ھەروەھا ٢٠٠ ئۆتۆمبێڵی بێ تابلۆ و پارچە چەکدا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركراوان كه‌ روبه‌روی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌ به‌رێوبه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر گووتی :” ھەموو ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تۆمەتی جیاواز دەستگیر کراون رادەستی دادگا کراون، ئێمە ئەوەشمان بە دادگا رایگەیاندووە كه‌ نابێت ئەو تۆمەتبارانە لە کاتی ساغبوونەوەی تۆمەتەکانیان بە کەفالەت ئازاد بکرێن، چونکە زۆربەی دەستگیراوان پێشتر چه‌ندان جاری تر دەستگیر کراون، هه‌ڵبه‌ت پێشتر كه‌ رادەستی پۆلیس کراون لە رێگەی دادگا و بە کەفالەت ئازاد کراون”.

سه‌باره‌ت به‌ دروستبوونی گروپی مافیا له‌ هه‌ولێر د.تارق نوری ده‌ڵێت :” نایشارینەوە كه‌ پێشتر خەڵکێک ھەبوون وەک عەسابە باجیان لە خەڵک وەردەگرت، بە تایبەتی لە خاوەن کافتریاکان، کە زۆر جار داوای پارەیان لێ دەکردن و ئەگەر نەیاندابانێ کێشەیان دەنایەوە؛ ئەوانە چەند گرووپێک بوون و ھەموویشیان دەستگیر کراون و ئێستا لە زیندانن”.

سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌تباران و سورانه‌وه‌یان له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌رێوبه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر گووتی :” راستە چەندین کەسی تۆمەتبار بە تاوانی کوشتن ھەبوون و پێشتر لە شەقامەکان دەسوڕاونه‌ته‌وه.. ئێمە لە درێژەی ھەڵمەتەکەماندا ھەموویانمان دەستگیر کردوون، واتە بە کورتییەکەی شەقاوە و عەسابە و قاتل و.. ھەموویان دەستگیر کراون. ئێستا به‌ دوای ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ین کە تەقەیان کردووە، ھەرکەسێک رۆژێک لە رۆژان تەقەی کردبێت دەستگیری دەکەین و رێگەش بە ھیچ کەسێک نادەین یاسا پێشێل بکات. ته‌قه‌كه‌ر مه‌به‌ستمان له‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌ هه‌رھاووڵاتییەک ھەر لە خۆیەوە بەبێ ھۆ تەقەی کردبێت، دەستگیری دەکەین”.

له‌ به‌شێكی تری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا د.تارق نوری به‌رێوبه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر گووتی :” ئەرکی سەرەکیمان وەک ئاسایش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو ھەڕەشانەن کە دەبنە ھۆی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ماوەیەکە ھاوکاریی ھێزەکانی پۆلیس دەکەین، تا ئەو کاتەی پێویستیان بە ئێمە ھەبێت، بەردەوام دەبین و رێگەش نادەین ھیچ کەسێک ماف بە خۆی بدات لە سەرەوەی یاسا بێت و ھەست بکات کەس لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکات، بەڵێ ئەرکی ئێمە وەک جیھازی ئاسایش زۆر گرانترە لە ئەرکی برایانمان لە ھێزەکانی پۆلیس، بەڵام لەگەڵ ئەوانیش ھاوکار دەبین”.

له‌ كۆتایشدا سه‌باره‌ت به‌ قورماخانه‌كان به‌رێوبه‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ده‌لێت :” قۆمارخانە لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێ نادرێت بەھیچ شێوەیەک، بەڵام بە شێوەی لابەلا پێنج تا شەش قۆمارخانە ھەبوون، ئێمە ده‌ستمان به‌سه‌ر قۆمارخانەکاندا گرتووە و کەلوپەلەکانیان لای ئاسایشە و خاوەنەکانیشیان دەستگیر کراون و خراونەتە زیندانەوە.

Back to top button