ئهشواق جاف : عێراق داهاتوویهكی ڕوونی نییه
لە ۱۲ی ۵ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی ۲۵ كورسی بە دەست بهێنێت و ببێتە لیستی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستاندا، سەرەڕای هەژمارنەكردنی دەنگی خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی مووسڵ،هاوكات لە سلێمانی دەنگی پارتی لهلایهن یهكێتیهوه دزراوه بەڵام پارتی لهبهر یهكریزی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكانی دادگاوە دەربڕیوە، وەلێ هەندێك لایەنی ناڕازی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبووڵ ناكەن و پابەندی بڕیارەكانی دادگا نابن.
ئەشواق جاف، ئەندامی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگهیاند: “ناڕەزایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبوو، بە پێی یاسا و دەستوور دەبووایە ئەو ناڕەزاییە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ یاساكە هەموار كرایەوە، ئێستا كە ئەنجامی دەستیی دەنگەكان راگەیێندراوە، كاتێك دادگای ئیتحادی پەسەندی كرد، دەبێت هەموو لایەنەكان پێوەی پابەند بن، كەواتە بڕیاری كۆتایی لای دادگای ئیتحادییە، ئەگەر ئەنجامەكەی پەسەند كرا، كەواتە دەبێت هەموو لایەنەكان پێوەی پابەند بن، ئەگەر ڕەتیشی كردەوە، دەبێ هەر پابەند بن، سەرەڕای هەبوونی هەندێك تێبینی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام بەپێی دەستووری عێراقی بڕیارەكانی دادگا یەكلاكەرەوەن”.
ئەندامهكهی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: “عێراق داهاتوویەكی ڕوونی نییە، بە حوكمی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا خەڵك زۆر دڵی لە حكوومەت شكا، چونكە جگە لە بەڵێن زیاتر هیچی دیكەی بۆ خەڵك پێ نەبووە، ئێستایش پێش دانیشتنی پەرلەمان و تەشكیلی حكوومەت، خەڵك متمانەیان بە حكوومەت نییە، بە حوكمی ئەوەی ئەو كێشانەی كە لە ناوچەكەدا هەن، ئەو قسانەی كراون و جێبەجێ نەكراون، ئەو تۆمەتانەی حزبە سیاسییەكان خستوویانەتە پاڵ یەكدی، داهاتووی عێراق روون نییە، ئێستایش ئەو وڵاتانەی كە ململانێیان لەسەر خاكی عێراق هەیە، ململانێكانیان قووڵتر بوونەتەوە، ئەوەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت”.