چوارلایانهكه دژی ئهنجامهكانی ههژماری دهستی ههڵبژاردنی عێراقن و لهگهڵ ههڵبژاردنی كوردستانن
ئەمڕۆ لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی گۆڕان، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی و عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا چوار لایەنەکە دەڵێن، هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ هەژمارکردنەوەی سەرجەم سندووقەکانی دەنگدان “بەلاڕێدابراوە” و بەشێکی زۆر کەم لە سندووقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دەستیی ژمێردرانەوە، چوار لایەنەکە دەشڵێن “ئەوەی روون و ئاشکرابوو ئەو هەژمارکردنە بۆ پەردەپۆشکردن و تێپەڕاندنی ئەو ساختەکارییە گەورەیە بوو کە ئەنجامدرا”.
له راگهیاندراوهكهی چوار لایانهكهدا راشیدەگەیێنن “ئەو دەرەنجامانە رەتدەکەینەوە و پێداگریی لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوومان دەکەینەوە. رێکاری یاسایی و سیاسی پێویست دەگرینەبەر لەپێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانمان، ههر له راگەیێندراوەکەدا هاتووە “سەرەڕای ئەم ستەمە سیاسییە گەورەیە بەرامبەر بە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتییان، لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی ئێستا و ئایندەی گەلەکەمان و هەستیاری بارودۆخەکە جەختدەکەینەوە لەسەر پێویستی دایەلۆگێکی نیشتمانی بەرپرسیارانە لە کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی و بنەڕەتی بۆ قەیران و گرفتەکانی ئەم دۆخە سیاسییە، دەربازکردنی کوردستان لەم بارودۆخە نالەبار و چەقبەستووە، پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی لەسەر بنەمای سازان و هاوسەنگی سیاسی و شەراکەتی راستەقینە و، رەچاوکردنی ئەگەرەکانی بەردەم دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە، رێگریی لە پشێویی و ناتەبایی و ئاڵۆزی زیاتر”.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – کە بڕیارە کۆتایی مانگی ئەیلوول ئەنجامبدرێت، چوار لایەنەکە دەڵێن “داوادەکەین کاری جیدیی بکرێت لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستاندا، کە دڵنیایی بداتە هاووڵاتییان و لایەنە سیاسیەکان، ئەوەش بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاکسازیی لە رێکار و یاساکانی کۆمیسیۆن کە کات و زەمینەی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری فەراهەم بکات و ببێتە مایەی پتەوکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی”.
سەرکردەی یەکەمی لایەنەکانی گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و کۆمەڵ لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا دەڵێن “هاوڕابوون لەسەر یەک هەڵویستیمان لە بەغدا و هەنگاوی هاوبەشی زیاتر لەپێناو پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکان”.