سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەكات

ئه‌مڕۆ یەكشەممە ۱۲ـی ۸ـی ۲۰۱۸ لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە د. عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا و جەختیش لە ڕەوایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان و ڕەتكرنەوەی سەپاندنی زۆر و زەبروزەنگ بەسەر گەلی كوردستان كرایەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی مانگی ئەیلوولی داهاتوو و پێویستیی كاركردن و دانانی بەرنامەی تۆكمە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان ئاڵوگۆڕ كرد.

Back to top button