بەرەی توركمانی هۆشداری دەدات
خواكوڕك
ئایدن مەعرووف سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات لەئەگەری بەشداری كردنی حشدی شەعبی لە مووسڵ و دەلێت مەترسی هەیە میلیشیاتی شیعە لە پەنای سوپای عێراقەوە خۆی بگەیێنێتە ناوچەكە و كارەسات روو بدات.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە: “لەگەڵ نزیكبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكانی تەلەعفەر و شاری مووسڵ، هیچ زانیارییەك نییە لەبارەی چارەنووسی هاووڵاتیانی تەلەعفەر و دەوروبەرییەوە، مەترسیی زۆریش هەیە داعش لە كاتی راكردن كۆمەڵكوژیان بكات و لەناویان ببات، ئەوەیش وای كردووە ئێمە وەك توركومان دڵگران بین بەو رەوشەی لە ناوچەكە هەیە”.
مەعرووف گوتیشی: “جگە لە مەترسییەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی توركومان و ناوچەكە كە چەندین كەسیان لێ كوشتوون و كارەساتی مرۆیی رووی داوە، مەترسیی ئەوەیشمان هەیە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خۆیان بخزێننە نێو سوپای عێراقەوە و بەرەو ناوچەكە پێشڕەوی بكەن، خۆ ئەگەر ئەوە رووی دا، كارەساتی گەورەیش روو دەدات، چونكە میلیشیاكان وا دەزانن دوو ملیۆن هاووڵاتی نەینەوای بن كۆنتڕۆڵی داعش، هەموویان داعشن”.